رووداو - دیجیتاڵ بەهۆی کەمبوونی پارەی نەختینە و دابەزینی هەناردەی نەوت بۆ کەمتر لە نیوە، حکومەتی عێراق لە تەنگژەیەکی قووڵی دارایی دایە. بەغدا هێشتا نەیتوانیوە مووچەی مانگی تەممووز دابەش بکات و پەنای بۆ بژاردەی سەخت بردووە، لەوانە راکێشانی 30 تریلیۆن دینار لە یەدەگی بانکی ناوەندی و گەڕان بەدوای قەرزی دەرەکیدا. کەمیی پارەی نەختینە حکومەتی عێراقی تەنگەتاو کردووە. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، حکومەت چەند بژاردەیەکی لەبەردەمدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بەڵام هەموویان کاتیان دەوێت یان تێچوویان زۆرە. جەمال کۆچەر دەڵێت: "بژاردەی یەکەم قەرز وەرگرتنە، بەڵام لایەنەکان مەرجیان ئەوەیە تەنیا بۆ پڕۆژە بێت نەک مووچە. بژاردەی دووەم فرۆشتنی موڵکەکانی دەوڵەتە کە کاتی دەوێت، زیادکردنی داهاتیش رێگەیەکی دیکەیە. بژاردەی کۆتاییش کە حکومەت نایەوێت دەستی بۆ ببات، چاپکردنی پارەیە." مووچەی هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانیدا لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، جەمال کۆچەر ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان لە 22ی مانگەوە لیستی مووچەی ناردووە و وردبینی تەواوکراوە، تەنیا ئەوە ماوە کە بەغدا پارەکە دابین بکات. ئەو هیوای خواست "کێشەی 120 ملیار دینارەکەش چارەسەر بکرێت تاوەکو کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست نەبێت." لەلایەکی دیکەوە، ئاڵا تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، سوودانی بایەخێکی زۆر بە چارەسەرکردنی کێشەی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات و دەڵێت: "ئێمە ئاگاداری وردەکاریی وتوێژەکان و کارەکانی لیژنە تەکنیکییەکانین؛ سەرۆکوەزیران دەیەوێت بگاتە چارەسەرێکی کۆتایی و گونجاو بۆ ئەم بابەتە." نەوتی عێراق لەبەردەم مەترسیدا عێراق کە پێشتر سێیەمین وڵاتی هەناردەکاری نەوت بوو لە جیهاندا، ئێستا بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕ و تێکچوونی رێڕەوەکانی گواستنەوە، نەوتەکەی "پەنگاوەتەوە" و هەناردەی بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە. لەکاتێکدا زیاتر لە 80٪ی داهاتی وڵات لە فرۆشتنی نەوتە، حکومەت ناچار بووە زیاتر لە 30 تریلیۆن دینار لە یەدەگی بانکی ناوەندی رابکێشێت. پوختەی قەیرانی دارایی عێراق: - مووچە: مووچەی مانگی 7ی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان دواکەوتووە. - نەوت: هەناردەی نەوت بەهۆی شەڕەوە 50٪ کەمیکردووە. - یەدەگی بانک: 30 تریلیۆن دینار لە یەدەگی بانکی ناوەندی راکێشراوە. - بژاردەکان: قەرزی دەرەکی، فرۆشتنی موڵکی دەوڵەت یان چاپکردنی پارە. عێراق ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ لە لایەک نەوتەکەی بازاڕی نییە و لە لایەکی دیکەشەوە خەرجییەکان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبن، ئەمەش مەترسییەکی جددی لەسەر بەهای دینار و سەقامگیریی بازاڕ دروست کردووە.