رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، رەتیدەکەنەوە بە درۆن هێرشیان کردبێتە سەر سعودیە. هۆشداریش دەداتە وڵاتەکە، هێرش بکەنە سەر عێراق، پەنجەی پەشیمانیان پێ دەگەزن.
رۆژی دووشەممە 27ی تەممووزی 2026، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە بە نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەناسرێن لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە کە هێرشە درۆنییەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، لە خاکی عێراقەوە کرابن و رایگەیاند: "ئەم بانگەشەیەی سعودیە تەنیا دڵنیاییمان زیاتر دەکات کە دوژمنایەتیکردنی عێراق و گەلەکەی، سیفەتێکی دانەبڕاوە لەو رژێمە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەو تۆمەتانەی سعودیە هەوڵێکن بۆ شاردنەوەی شکستی ئەو وڵاتە لە بەرانبەر هێرشەکانی یەمەن و تەنیا هەوڵێکن بۆ پاساودانی بێدەسەڵاتییان لە بەرانبەر وەڵامدانەوەی ئەو لێدانە ئازەربەخشەی یەمەنییەکان کە قوڵایی ژێرخانی ئەو وڵاتەیان هەژاندووە."
بەرگریی ئیسلامی لە عێراق هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی ریاز دەکات و رایدەگەیێنێت: "هەر کردەوەیەکی گەمژانە لەلایەن ئەوانەوە، بە وەڵامێکی زۆر تووند بەرپەرچ دەدرێتەوە، کە وایان لێبکات پەنجەی پەشیمانی بگەزن."
ئەو گرووپە چەکدارە داوا لە بەرپرسانی سعودیە دەکات لەجیاتی تۆمەتبارکردنی عێراق، گەمارۆی سەر یەمەن هەڵبگرن و دەڵێن: "پێیان دەڵێین، ئەگەر پیاوێکی ژیرتان تێدایە، ئێوە ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستیتان بەوەیە گەمارۆی ستەمکارانەی سەر گەلی یەمەن هەڵبگرن، لەجیاتی ئەوەی تۆمەت بۆ ئەملاو ئەولا هەڵببەستن بۆ شاردنەوەی شکست و تاوانەکانتان."
رۆژی دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026 سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، "لایەنە ئەمنییە تایبەتمەندەکانی راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوەڕۆکی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، کە دەڵێت لە خاکی عێراقەوە بە درۆن هێرشکراوەتە سعودیە".
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لە "پابەندیی دەستووریی و نەگۆڕی خۆی بە پرەنسیپەکانی دراوسێیەتیی باش" دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: "رێگە نادرێت خاکی عێراق بکرێتە رێڕۆ، یان شوێنێک بۆ دەستپێکردنی هەر هێرشێک کە وڵاتانی خوشک و دۆست بکاتە ئامانج."
سەبارەت بە رێکارەکان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی دەڵێت: "حکومەت بەدواداچوون بۆ بەڵگەکان دەکات و بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، رێکاری یاسایی تووند بەرانبەر هەر کەسێک دەگرێتەبەر کە بسەلمێنرێت تێوەگلاوە."
تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، رۆژی دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026 رایگەیاند:"هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی چەند درۆنێکیان تێکشکاند کە ئامانج لە ئاراستەکردنیان بریتی بوو لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی رۆژهەڵات و ریازی پایتەخت."
تورکی مالیکی گوتی، "ئەم هێرشە لە نێو خاکی عێراق و لە لایەن میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێرانەوە کراوە."
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە باسی لەوە کرد، حکومەتی وڵاتەکەی مافی رەوای خۆیەتی بەرگری لە سەروەریی وڵاتەکەی بکات و مافی وەڵامدانەوەی ئەم هێرشەش لە کات و شوێنی گونجاودا هەڵدەبژێرێ.

