هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بۆ 10ی ئۆکتۆبەر دواخرا

19-01-2021
ئاسۆ فیشەگی
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان. وێنە: راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیران
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان. وێنە: راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیران
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێک لەمەوبەر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختی کرد و ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق بۆ 10ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دواخرا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا باسی دواخستنی هەڵبژرادنی عێراقی کرد و رایگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازکرد، بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئامادەبوونی ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق".
 
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرەتای ئەم هەفتە، لە بری 6/6/2021، پێشنیازی کرد هەڵبژاردنی پێشوەخت لە 16/10/2021 بەڕێوەبچێت، بەهۆی کەمیی ژمارەی هاوپەیمانی و لایەنە سیاسییە تۆمارکراوەکان لە کۆمیسیۆن بۆ بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنە، لە پاڵ کەمیی کات بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بەڵام جێگیرکردنی وادە نوێیەکە پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە.
 
خالید دەبوونی، ئەندامی بەرەی رزگاری و پەرەپێدان کە ئوسامە نوجەیفی سەرۆکایەتیی دەکات، ئەمڕۆ سێشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە ماوەیەکی زۆرە پێشبینی ئەو دواخستنەمان دەکرد، وەک ئاگادارین حکومەت ئەرکی خۆی بەجێگەیاند و رۆژی 6/6ـی دەستنیشانکرد، بەڵام هۆکاری سستی رێکارەکان لە ئەستۆی پەرلەمانە، چونکە پەرلەمان جیددی نەبوو لە بەدیهێنانی پێداویستییەکانی رۆژی هەڵبژاردن، بابەتی پڕکردنەوەی رێژەی یاسایی دادگای فیدراڵی یەکلایی نەکردەوە، هەروەها بودجەی تەرخانکراوی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی وەک پێویست پەسندنەکرد، لەگەڵ بابەتە لۆجستییەکانی دیکەدا، بۆیە پێشبینیمان دەکرد ئەم دواخستنە رووبدات بۆ دوای 6/6".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا خالید دەبوونی دەڵێت: "کێشەکە لەوەدایە ئەوە رێک پێچەوانەی داواکاری سەرەکی خۆپێشاندانەکانی تشرینە، کە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختیان دەکرد، بۆیە ئەم دۆخە خۆدزینەوەی پەرلەمانە لەو بەڵێنەی کە بە خۆپێشاندانەکانی تشرینی دا بەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبچێت".
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوێنێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: تاوەکو ئێستا تەنیا شەش هاوپەیمانی داواکارییان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق پێشکێشکردووە، بەڵام کۆمیسیۆن ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانییەکانی بۆ دوو مانگی دیکە درێژکردەوە.
 
هەروەها جومانە غەلای گوتیشی: تاوەکو ئێستا 438 پارت و هاوپەیمانی داواکاری خۆتۆمارکردنیان پێشکێشکردووە، 67 لەو پارتانە لە قۆناخی دامەزراندندان، 232 لەو پارتانە مۆڵەتیان پێدراوە، بەڵام 128 داواکاری تۆمارکردنی پارتەکان رەتکراونەتەوە، 17 پارتیش داواکاری خۆتۆمارکردنیان کشاندووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە