رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە بەربژێربوونی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەکە دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆککۆماری عێراق.
رۆژی یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە لە بەشێک لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەلایەن چەند دەزگایەکی میدیاییەوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە بەربژێرکردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی جێگری سەرۆککۆمار و رایگەیاند: "لە ئەرکەکانی وەک سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەردەوامە."
دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەش کردووە، بە نیازە رێکاری یاسایی پێویست لە دژی ئەو لایەنانە بگرێتەبەر "کە پڕوپاگەندە بۆ ئەم هەواڵە چەواشەکارانە دەکەن."
فالح فەیسەڵ فەهد فەیاز، کەسایەتییەکی سیاسی و ئەمنیی دیاری عێراقە و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییە. لە ساڵی 1956 لە بەغدا لەدایکبووە، لە ساڵی 1977 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی کارەبا لە زانکۆی موسڵ بەدەستهێناوە. لە رێگەی حیزبی دەعوەی ئیسلامییەوە بەشداری لە کاری سیاسی کردووە، بەو هۆیەوە لە ساڵانی هەشتاکاندا بۆ چەند ساڵێک دەستگیر کراوە و زیندانی کراوە.
لە ساڵی 2008 تاوەکو 2018 راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی بوو. لە کاتی دروستبوون و دامەزراندنی دەستەی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014ەوە سەرۆکایەتیی دەستەکەی گرتووەتە دەست و سەرپەرشتیی رێکخستن و بەیاساییکردنی دەستەکەی لە چوارچێوەی سیستمی ئەمنیی عێراقدا کردووە.
بزووتنەوەیەکی سیاسیی بە ناوی "حەرەکەی عەتا" دامەزراندووە و بەشداری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانەکان و هاوپەیمانییە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزە سیاسییە شیعییەکاندا کردووە.
.jpeg&w=3840&q=75)
