سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە نووسراوی فەرمی لە بڕیاری لادانی محەممەد حەلبووسی ئاگادارنەکراوەتەوە

18-11-2023
زیاد ئیسماعیل
 تۆپەکە کەوتووەتە گۆڕەپانی سوننەکان، هەمووان چاوەڕوانی رێککەتنی نێوماڵی سوننەن
تۆپەکە کەوتووەتە گۆڕەپانی سوننەکان، هەمووان چاوەڕوانی رێککەتنی نێوماڵی سوننەن
نیشانەکردن محەممەد حەلبووسی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چوار رۆژ بەسەر بڕیاری لادانی محەممەد حەلبووسی لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە تێدەپەڕێت، کەچی تائێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە نووسراوی فەرمی ئاگادارنەکراوەتەوە و نەبوونی نووسراوی فەرمی، رێگرە لەبەردەم کرانەوەی دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
 
محەممەد شەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا دەڵێ "دوای گەیشتنی نووسراوی فەرمی بۆ پەرلەمان بۆ پڕکردنەوەی شوێنی سەرۆک پەرلەمان، راستەخۆ سەرۆکی پەرلەمانیش هەڵدەبژێردرێت؛ پێش ئەوە، هیچ دانیشتنێکی دیکە ناکرێت.''
 
تۆپەکە کەوتووەتە گۆڕەپانی سوننەکان، هەمووان چاوەڕوانی رێککەتنی نێوماڵی سوننەن، بەڵام زۆرینەی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان دەرگەکانیان داخستووە.
 
عەدنان جابری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێ "ئەنجوومەنی نوێنەران چاوەڕوانی فراکسیۆنە سوننییەکانە رێککەون لەسەر کەسایەتییەکی دیاریکراو یان چەند کەسایەتییەک بکەن، بۆ ئەوەی لەنێو پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت."
 
فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەلایانەوە گرنگە سەرۆک پەرلەمانی نوێ کەسێک بێت دەستوور بنەمای کارەکانی بێت و جیاوازی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا نەکات.
 
بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێ "هەمیشە گوتارمان ئەوە بووە، کەسێک بێت، بتوانێت بە یەکسانی خزمەتی هەموو عێراق بکات، بێ جیاوازی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، بێ جیاوازی لەنێوان پارێزگەکان، ئەگەر هەر ستەمێک و کەموکوڕیەک لەنێوان پارێزگەکاندا هەبوو، بە یەکچاو سەیری بکات بەپێی دەستوور و یاسا.''
 
بەپێی بڕگەی سێ لە مادەی 12ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەگەر پۆستی سەرۆک پەرلەمان یان جێگرەکانی بە هەر هۆکارێک بەتاڵ بوو، پەرلەمان بە زۆرینەی رەها جێنشینی هەڵدەبژێرێت لە یەکەم دانیشتنیدا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە