رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی بڕگەیەکی یاسای دامەزراوەی شەهیدانی بە پاساوی نادەستووریبوون هەڵوەشاندەوە، بەوەش ئەو کەسانەی بەهۆی پڕۆسە جەنگییەکان، هەڵمەتی سەربازی و هێرشە تیرۆریستییەکانەوە بە شەهید هەژمار کرابوون، بڕیارەکەیان هەڵدەوەشێتەوە.
بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە 27ی تەممووزی 2026 دەرچووە لەسەر بنەمای سکاڵایەکی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق کە لەسەر بڕگەیەکی هەمواری یاسای ئەو دامەزراوەیە تۆماری کردبوو، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، کەسوکاری ئەوانە بە شەهید هەژمار ناکرێن کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان، هەڵمەتی سەربازی و هێرشی تیرۆریستییەوە کوژراون.
ساڵی 2023 لە پەرلەمانی عێراق، ئەو بڕگەیە بۆ هەمواری یاسایی دامەزراوەی شەهیدان زیاد کرا، کە یەکەم هەمواری یاساکە بووە.
یەکێک لە پەرلەمانتارانی ئەو خولەی پەرلەمان، کە لەبەر هەستیاریی پرسەکە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە رووداوی گوت، "ئەو هەموارە داواکاریی سوننەکان بووە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی لە دوای ساڵی 2003 بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کوژراون و سەر بە دەسەڵاتی پێشووی حیزبی بەعس بوون، بە شەهید هەژمار بکرێن."
سێشەممە 28ی تەممووزی 2026، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، ئەو بڕگەیە پێچەوانەی هەردوو مادەی 47 و 80ی دەستووری عێراقە.
مادەی 47 تایبەتە بە جیاکردنەوەی ئەرکی دەسەڵاتەکان لە عێراق و مادەی 80ی دەستووریش پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق بە رووداوی گوت، "یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی ئەو سکاڵایە ئەوە بووە کە ئەو بڕگەیەی زیاد کراوە پابەندیی دارایی هەیە، دەبوو لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە پێشنیاز ئەو هەموارە بکرێت، نەک پەرلەمان خۆی ئەنجامی بدات."
پابەندییە داراییەکە پەیوەندیدارە بەوەی ئەو بڕگەیە ژمارەی ئەو کەسانەی زیاد کردووە، کە سوودمەند دەبن لە مووچەی شەهیدان.



.jpg&w=3840&q=75)