رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەی سنووریی قائیم، دەست بەسەر ژمارەیەک چەکدا گیرا و لە سووریاوە بۆ عێراق دەگوازرانەوە.
رۆژی سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی پاراستنی سنووری عێراق رایگەیاند، دەستیان بەسەر ژمارەیەک چەکدا گرتووە لە بارهەڵگرێکدا شاردرابوونەوە و هەوڵدرابوو لە رێگەی دەروازەی قائیمەوە لە سنووری پارێزگای ئەنبار ببرێتە ناو عێراقەوە.
چەکەکان لە جۆری کڵاشنیکۆف بوون و لە ناو تانکیی بارەهەڵگرەکەدا شاردرابوونەوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پاسەوانی سنووری عێراق بە رووداوی گوت: "ئۆتۆمبێلەکە تابلۆی عێراقی پێوە بووە و شۆفێرەکەشی عێراقی بووە."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "هەشت چەکی کڵاشنیکۆف لەو بارهەڵگرەدا شاردرابوونەوە بە مەبەستی دزەپێکردنیان بۆ ناو عێراق."
فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند، دەست بەسەر بارهەڵگرەکە و چەکەکاندا گیراوە و شۆفێرەکەشی دەستگیرکراوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەری بگیرێتەبەر.



