رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزارى بۆ ئاسایشى نیشتمانیى عێراق بڕیاریدا لە دەروازە سنوورییەکان وردبینیی ئەمنى بۆ کەرەستە هاوردەکراوەکان چڕ بکرێتەوە، هاوردەکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیش مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکان بکرێت.
ئەو بڕیارانە لە کۆبوونەوەیەکى ئەنجوومەنەکەدا دران کە رۆژی چوارشەممە 18ى ئەیلوول بە سەرۆکایەتیى محەممە شیاع سودانى، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان کرا.
ئەو ئەنجوومەنە بڕیاری داوە لە دەروازە سنوورییەکان رێکارى پێویست و خۆپارێزى بگیرێتەبەر بۆ خۆلادان لە هەر دۆخێکى دزەکردنى چاوەڕوانکراو.
ئەنجوومەنى وەزارى بۆ ئاسایشى نیشتمانى جەختى کردووەتەوە، لە وردبینیى ئەمنیى چڕ بۆ کەرەستە هاوردەکراوەکان بەر لەوەى گرێبەستى هاوردەکردنیان بکرێت. هەروەها بۆ هاوردەکردنى ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکان بکرێت.
بە گوێرەى نووسینێکی لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان کە بڵاوکراوەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان لە عێراق و رووداوەکانى لوبنان کراوە.
ئەو هەنگاوەى ئەنجوومەنى وەزارەى بۆ ئاسایشى نیشتمانى عێراق لەدواى تەقینەوەى ژمارەیەک ئامێری بێتەل (وۆکی تۆکی) لە لوبنان کە بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 450 کەسیش بریندار بوون. دوێنێش بەهۆى تەقینەوەى هەزاران ئامێرى پەیجەر لەو وڵاتە کە لە دەستی ئەندامانی حیزبوڵڵادا بوون، زیاتر لە 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی سێ هەزار کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ