رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی ناوەندیی بەغدا سزای زیندانیکردنی بەسەر دوو ئەندامی گرووپی ناسراو بە (قوربان)دا سەپاند، کە یەکێکیان ئەوی دیکەی هان داوە بۆ ئەوەی خۆی بکاتە قوربانی و کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت.
رۆژی یەکشەممە، 20ی ئەیلوولی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی تاوانەکانی ناوەندیی بەغدا دوو سزای جیاوازی بەسەر دوو ئەندامی گرووپی قورباندا دەرکرد. یەکەم، بەهۆی هەبوونی بیروباوەڕی لادەر و هاندانی تۆمەتباری دووەم بۆ خۆکوشتن کە سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
سزاکەش بەپێی مادەی 9 لە یاسای قەدەخەکردنی حیزبی بەعس و قەوارە و پارت و چالاکییە رەگەزپەرست، تیرۆریستی و تەکفیرییەکان بووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هاووڵاتیی دووەمیش بە هەمان مادەی یاسایی لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
گرووپی قوربان کێن و چۆن کار دەکەن؟
گرووپی قوربان کە لەنێو کۆمەڵگەی عێراقدا بە (عەلەوڵاهییەکان)یش دەناسرێن، گرووپێکی ئایینیی شیعە مەزهەبن، سەرەتا لە پارێزگاکانی باشووری عێراق بەتایبەت لە سنووری قەزای سووقولشیوخی پارێزگای زیقار سەریانهەڵدا و دواتر پەلیان بۆ بەسرە، نەجەف، میسان و واست کێشا.
مەترسیدارترین کاری ئەم گرووپە ئەوەیە لە کاتی کۆبوونەوە و بۆنە ئایینییەکاندا لەنێو خۆیاندا تیروپشک دەکەن، ناوی هەر ئەندامێکیان لە تیروپشکەکەدا دەربچێت، دەبێت وەک "قوربانی" بۆ ئیمامی عەلی لە رێگەی خۆهەڵواسین یان شێوازی دیکەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، بەو باوەڕەی بەم کارە دەگاتە پلەی باڵای رۆحی.
لە ساڵانی رابردوودا چەندین گەنج لە پارێزگاکانی باشووری عێراق بەهۆی ئەم بیروباوەڕەوە لەنێو حوسێنییە و بارەگاکانی ئەو گرووپەدا خۆیان کوشت، کە ئەمەش کاردانەوە و تووڕەییەکی گەورەی لەنێو شەقامی عێراق و مەرجەعیەتی نەجەفدا لێکەوتەوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە دوو ساڵی رابردوودا چەندین هەڵمەتی بەرفراوانی لە پارێزگاکانی باشوور و بەغدا ئەنجام داوە و دەیان سەرکردە و ئەندامی ئەم گرووپە دەستگیرکراون.
لە رووی یاسایییەوە، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ئەم گرووپەی وەک "گرووپێکی تەکفیری و تووندڕەوی قەدەخەکراو" پۆلێن کردووە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تەکفیر سزایان بەسەردا دەسەپێنێت.



.jpg&w=3840&q=75)