رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی لەبارەی سکاڵایەک دا کە لە دژی دەنگدان بە بڕگەیەکى بودجەى گشتیی ساڵی 2023ـی عێراق تۆمارکرابوو، کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دادگەکە دەڵێت شوێنی تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە، دادگەی فیدراڵی نییە.
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-9-2023ـی دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کۆبووەوە کە لەدژى دەنگدان بە بڕگەیەکى بودجەى گشتى تۆمارکراوە، کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام دادگەکە بڕیاری رەتکردنەوەی تانەکەی دەرنەکردووە، بەڵکو رایگەیاندووە سکاڵاکە یەکلاییکرایەوە بەوەی شوێنی ئەو سکاڵایە دادگەی فیدراڵی نییە.
سکاڵاکە لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە دژى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان تۆمارکراوە، کە داوا دەکات ئەنجامى دەنگدان بە بڕگەی 12ـی مادەى 14ى یاسای بودجە هەڵبوەشێندرێتەوە و محەممەد حەلبووسی ناچار بکرێت ئەنجامى راستەقینەى دەنگدانەکە رابگەیێنێت و کار بۆ راستکردنەوەى بکات، سکاڵاکار گوتوویەتی ئەنجامی دەنگدانەکە ناڕوونە.
رۆژی دووشەممە، 18-9-2023، سەرچاوەیەک لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سکاڵاکە لەدژى دەنگدان بووە لە پەرلەمانی عێراق لەسەر بڕگەیەک بۆ گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و لەلایەن حکومەتى فیدراڵیەوە بودجەى بۆ دابین بکرێت، چونکە ئێمە گومانمان لە دەنگدانەکە و ژماردنی دەنگەکان هەبووە."
رۆژی 12ى حوزەیرانى 2023، پەرلەمانى عێراق یاساى بودجەى گشتیی پەسندکرد، کە یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەبوو مانگانە رێژەیەک لە مووچەى پاشکەوتکراوی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بگەڕێندرێتەوە، ئەو کات سەرۆکى پەرلەمان رایگەیاند پێشنیازەکە دەنگى بەدەست نەهێناوە.
ئەوکات شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "لەکاتی خوێندنەوەی بڕگەکە من لەسەر سەکۆکە بووم و دەزانم دەنگی پێویستی هێنا، راستە سەرۆکی پەرلەمان گوتی دەنگی نەهێنا، بەڵام لێکۆڵینەوە دەکەین و ڤیدیۆی دانیشتنەکە لێدەدەینەوە و دڵنیاین لەوەی دەنگی هێناوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ