رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، گەندەڵی لە عێراق هێندە رەگ و ریشەی داکوتاوە کە بووە بە بەشێک لە سیستمەکە و "لە دەوڵەتیش بەهێزترە". ئاشکراشی دەکات کە لە دۆسیەی گەورە بەرپرسێکی دەستگیرکراوی وەزارەتی نەوت، ناوی 128 کەس دراوەتە دادگە، کە بەرپرسی کوردیشیان تێدایە.
شیروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"دا رایگەیاند: "گەندەڵی لە عێراق بە ملیار دۆلار دەپێورێت و هیچ وەزارەتێک نییە لەو وڵاتەدا کە لە گەندەڵی تێوەنەگلابێت، تەنانەت پۆستە باڵاکان لە عێراقدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت."
"ئۆتۆمبێلی 40,000 دۆلاری بە 300,000 دۆلار"
دووبەردانی پەردەی لەسەر یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق لادا و گوتی: "لە گرێبەستێکی کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ وەزارەتی بەرگری، ئۆتۆمبێلێک کە نرخی راستەقینەی 40,000 دۆلارە، بە 300,000 دۆلار بۆ وەزارەتەکە هەژمار کراوە."
دادگەیەکی عێراق لێکۆڵێنەوە لە گرێبەستێکی 462 ملیار دیناریی وەزارەتی بەرگری دەکات بۆ کڕینی 800 بارهەڵگر. بەپێی نووسراوێکی دادگەی لێکۆڵێنەوەی دووی کەرخ کە لە 18ی حوزەیراندا دەرچووە و کۆپییەکی دەست رووداو کەوتووە، لێکۆڵێنەوە لەو گرێبەستە دەستیپێکردووە کە لەگەڵ کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی ئۆتۆمبێل کراوە.
یەکێکی دیکە لە تەوەرە گەرمەکانی هەڤپەیڤینەکە، دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بوو کە ئێستا دەستگیرکراوە. دووبەردانی ئاشکرای کرد: "جومەیلی ناوی 128 کەسی داوە بە دادگە کە لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا تێوەگلاون، بەرپرسانی کوردیش لەناو لیستەکەدا ناویان هاتووە."
عەدنان جومەیلی یەکێکە لە هەستیارترین دۆسیەکانی ئێستای عێراق، کە تێیدا دەست بەسەر 11 ملیۆن دۆلار، 98 ملیار دینار، 70 ڤێلا و موڵک، 21 ئۆتۆمبێلی گرانبەها و 3 کیلۆگرام زێڕدا گیراوە.
"پاکتاوی سیاسییە نەک بنبڕکردنی گەندەڵی"
سەبارەت بەو هەڵمەتانەی ئێستا بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسان بەڕێوەدەچێت، شیروان دووبەردانی گومانی خۆی نیشاندا و گوتی: "ئەم هەڵمەتە زیاتر لە پاکتاوی سیاسی دەچێت نەوەک هەوڵێکی راستەقینە، چونکە تاوەکو ئێستا تەنیا بەرپرسانی سوننە دەستگیرکراون و دۆسیەکانی دیکە زۆرجار بە رێککەوتنی سیاسی دادەخرێن."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنە سیاسییەکان و "گرووپە چەکدارەکان" سوودمەندی یەکەمن لەم سیستمە، بۆیە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە "گەندەڵی بە هیچ کەسێک لە عێراق بنبڕ ناکرێت و ئەگەر گەندەڵی نەمێنێت عێراق دەڕووخێت."


