رووداو-هەولێر
سەرکردەیەکی عەرەبی سووننە جەخت لە داواکارییان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکاتەوە. ئەوەش لەبەرئەوەی زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچە سووننەنشینەکان ئاوارەن.
رۆژی پێنجشەممە 18-1-2018 ،ئەحمەد مساری، سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنی عێراقی و ئەمینداری گشتی پارتی حەقی نیشتمانی رایگەیاند، ناکرێت هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت، لە کاتێکدا زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار کەس ئاوارەن.
ئەحمەد مساری، خراپیی سەقامگیری و دۆخی خزمەتگوزاریی لە ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان، بە ئاستەنگ لەبەردەم دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان دەزانێت.
مساری لەگەڵ ساڵح شاعری، باڵیۆزی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە عێراق کۆبووەوە و ئەو قسانەشی هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کرد. هاوکات هەردوولا گفتوگۆیان کرد لەبارەی دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، مساری جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، کە پێویستە لە بودجەدا پارەی پێویست تەرخانبکرێت بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی شارە کۆنترۆڵکراوەکان، کە دەبێتە هۆی خێرا گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان.
فراکسیۆنی هێزە عێراقییەکان( سوننەکان) بە نووسراوی فەرمی دووپێشنیازی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان پێشکەشکردووە، یەکەم: هەڵبژاردنی لە عێراق دوابخرێت، دووەم: ئەگەر هەڵبژاردنیش لە تەواوی عێراق دوانەخرا، ئەوا هەڵبژاردن لەو ناوچانەدا دوابخرێت، کە لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرابوون.



