رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جەنگی ئێستا لەگەڵ ئێران بۆ وڵاتەکەی "شتێکی بچووکە" و رەتیکردەوە وەک جەنگێکی گەورە پێناسەی بکات؛ هاوکات نێردە تایبەتەکانی بە پڕۆژەی ئاشتییەوە رەوانەی رووسیا و ئۆکراینا کرد تاوەکو کۆتایی بە جەنگە چوار ساڵەییەکەی نێوانیان بهێنن.
دۆناڵد ترەمپ لە نووسینگەی هێلکەیی لە کۆشکی سپی بەرگری لە جەی دی ڤانسی جێگری کرد کە رۆژێک پێشتر جەنگی ئێرانی بە "جەنگ" وەسف نەکردبوو. ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی گوت: "من پێی دەڵێم ململانێی سەربازی، چونکە بۆ ئێمە شتێکی زۆر بچووکە و شتێکی گەورە نییە. لە ڤەنزوێلا کەسمان لە دەست نەدا، لەمەشدا (ئێران) 18 کەسمان لە دەستداوە، لە کاتێکدا لە ڤێتنام 100 هەزار کەس و لە جەنگەکانی دیکەدا دەیان هەزار کەس کوژران."
کۆنتڕۆڵی تەنگەى هورمز
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، ئامانجە ستراتیژییەکانیان لەم جەنگەدا، کە تاوەکو ئێستا 37.5 ملیار دۆلاری لە گەنجینەى ئەمریکا تێچووە، بەدیهاتوون. ترەمپ گوتی: "لە ماوەی پێنج مانگدا، رێگریمان لێکردن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەگەر نەچووینایەتە ئەوێ، ئێستا نە ئیسرائیل دەما و نە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ ئەوان رەنگە هێرشیان بکردایەتە سەر شارەکانی ئەورووپا و شارەکانی ئێمەش."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا هێزەکانی ئەمریکا "زۆر بە توندی" کۆنتڕۆڵی تەنگەى هورمزیان کردووە و گوتی: "ئێمە رادارەکانمان تێکشکاندن، فڕۆکەکانیان و ئەو شتانەشی کە بۆ پاراستنی تەنگەکە بەکاریان دەهێنان، لێدان. شەوی رابردوو چەندین بەلەممان گرت و کەشتییەکان رۆژانە بە سەلامەتی تێدەپەڕن."
نێردراوەکانی ئاشتی بەرەو مۆسکۆ و کیێڤ
لەبارەی جەنگی ئۆکرایناوە، ترەمپ رایگەیاند کە جارید کوشنەری زاواى و ستیڤ ویتکۆفی هاوڕێی، کە بە "دوو دانوستاندکاری گەورە" وەسفی کردن، رەوانەی ناوچەکە کردووە. بەپێی راپۆرتەکان، نێردەکان رۆژی شەممە لە کرێملین لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین و رۆژی یەکشەممە لە کیێڤ لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی کۆدەبنەوە تاوەکو پێشنیازێکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بخەنە روو.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا پێشوازی لەم هەنگاوە کرد و داوای کرد لە ماوەی سەردانی نێردەکاندا ئاگربەستێکی دوولایەنە هەبێت. زێلێنسکی گوتی: "هیچ بۆردوومانێکی ئاسمانی لە لایەن ئێمەوە نابێت و دەبێت رووسیاش بە هەمان شێوە ئاگربەست بپارێزێت تاوەکو دانوستاندنەکان بەڕێوەبچن." ئەمە یەکەم گەشتی فەرمیی کوشنەر و ویتکۆفە بۆ کیێڤە لەوەتەی ترەمپ گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات.
سەبارەت بە تۆمەتەکانی ئەم دواییەی ئەڵمانیا کە رووسیایان بە هەوڵی هێرشی درۆنی بۆ سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ تۆمەتبار کردبوو، ترەمپ گومانی لەو راپۆرتانە نیشاندا و گوتی: "من پوتین زۆر باش دەناسم و قسەی لەگەڵ دەکەم؛ ئەو نایەوێت هێرش بکاتە سەر خاکی ناتۆ." ترەمپ دووپاتی کردەوە، دەبێت وڵاتانی ئەورووپا ئەو هاوکارییە دارایی و سەربازییانەی لە سەردەمی جۆ بایدندا دراوەتە ئۆکراینا، بۆ ئەمریکا بگێڕنەوە.



