رووداو دیجیتاڵ
حەفتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ رۆژی هەینی لە ئەڵمانیا دەستیپێکرد و لە فێستیڤاڵەکەدا 913 فیلم لە 102 وڵاتی جیاوازەوە پێشان دەدرێن.
فێستیڤاڵەکە سێ رۆژ دەخایێنێت و تۆڕی میدیایی رووداو یەکێکە لە سپۆنسەرەکانی.
هۆزان دینۆ، گۆرانیبێژی بەنێوبانگی کورد بە مەی دۆست، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "بۆ ئەوەی ئێمە داوای ئازادی خۆمان بکەین دەبێت بە سینەما و فیلم خۆمان پێشانی جیهان بدەین."
گوتیشی، "هیوادارم کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان ڤیستیڤاڵی لەم جۆرە پێشان بدرێت، بۆئەوەی لەو رێگەیەوە مافەکانی خۆمان داوا بکەین و بیگەیێنینە جیهان."
میوانێکی زۆر بەشداری فێستیڤاڵەکەن. پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرێک لە گەورە هونەرمەندانی عەرەبی و جیهانی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە و سەرسوڕمانی خۆیان بە سەرکەوتوویی فێستیڤاڵەکە دەربڕیوە.
ئەڵمانیا بە پلەی یەکەم، فەرەنسا بە پلەی دووەم و هیندستان بە پلەی سێیەم، زۆرترین فیلمیان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە.

