دەستپێشخەریی هاوپەیمانیى نەسر؛ هاوکارى بنێردرێت بۆ سووریا و بەغدا گۆڕەپانەکە چۆڵ نەکات

17-12-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیى نەسر دەستپێشخەرییەک دەخاتە بەردەم سەرۆکوەزیرانى عێراق لە بارەى سووریاوە بۆ ئەوەى هاوکاریی مرۆیی بنێرنە ئەو وڵاتە و بەغداش رۆڵى لە گۆڕانى دیموکراسی ئەو وڵاتە هەبێت.
 
رۆژی دووشەممە، 16ى کانوونى یەکەمى 2024، هاوپەیمانیى نەسر دەستپێشخەرییەکى رایگەیاند بۆ پاڵپشتى سووریا، کە لە دوولایەنى مرۆیی و سیاسى پێکدێت و خستوویەتییە بەردەم محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
 
بەشى یەکەمى دەستپێشخەرییەکەى هاوپەیمانیى نەسر کە حەیدەر عەبادى سەرۆکایەتى دەکات، لایەنى مرۆییە، تێیدا پێشنیاز کراوە سووتەمەنى و دەرمان و خۆراک لە عێراقەوە بنێردرێت بۆ سووریا.
 
سەلام زوبەیدى، گوتەبێژى هاوپەیمانیى نەسر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئامانج لەو دەستپێشخەرییە، هاوکاریکردنى گەلى سووریا و پتەوکردنى پەیوەندى نێوان هەردوو گەلى عێراق و سووریایە.
 
بەشى دووەمى دەستپێشخەرییەکە ناونراوە، "دەستپێخەریى سیاسیى رافیدەین" بۆ پاڵپشتیی گۆڕانى سیاسى و دیموکراسى مەدەنییانە لە سووریا، بە ئامانجى ئەوەى چوارچێوەیەکى سیاسی و ئابوورى دابنرێت کە گەرەنتى هاوکاریی گۆڕانى دیموکراسى بکات لەو وڵاتە.
 
پاڵپشتییەکە بەشێوەیەک بێت کە "یەکێتى و سەقامگیریی و سەروەریى سووریا بپارێزێت و جگە لە عێراق و سووریا وڵاتانى دراوسێى عێراق و میسر و ئیمارات بەشداربن لەو چوارچێوەیەدا."
 
سەلام زوبەیدى گوتى: "لەگەڵ ئەوەداین لە گۆڕان بەرەو دیموکراسی لە سووریا هیچ لایەنێک پەراوێز نەخرێت و سووریا بە هەمان ئەزموونى عێراق لە دواى 2003 تێپەڕ نەبێت کە بگاتە ئەوەى دەستوەردانى هەرێمى و نێودەوڵەتى لە بڕیارەکانیدا هەبێت".
 
خاڵێکى دیکەى دەستپێشخەرییەکە ئەوەیە عێراق رۆڵى هەبێت لە پرسی سووریا ئەگەرنا هەڵوێستى نەرێنى دەبێت و ئەو بۆشاییە لایەنى دیکە پڕى دەکەنەوە. 
 
8ى کانوونى یەکەمى 2024، دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا و حکومەتێکى کاتى بۆ قۆناخى راگوزەر پێکهێنراوە.
 
سەلام زوبەیدى رایگەیاند، ئەو دەستپێشخەرییەیان لە کۆبوونەوەى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیی شیعە تاوتوێ کردووە و هەندێک لایەن هاوڕا و هەندێکى دیکەش بۆچوونى جیاوازیان هەبووە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پەرلەمانی عێراق

ئەنجوومەنی سوننەکان پێشنیاز بۆ سەرۆککۆمار دەکەن پێش 25ـی ئەم مانگە پەرلەمان کۆببێتەوە

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان داوایان لە سەرۆککۆمار کرد رۆژی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دیاری بکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرانی؛ پێشنیازیشیان کرد ئەو کۆبوونەوەیە بەر لە 25ـی کانوونی یەکەم بێت.