ئەمریکا پێشوازی لە هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا دەکات "بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر بودجە"

17-09-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، وڵاتەکەی پێشوازی لە هەوڵەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات سەبارەت بە گەیشتن بە چارەسەر لەسەر بودجە و جێبەجێکردنی. 
 
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پۆستێکی تۆڕی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "ئێمە پێشوازی لە هەوڵەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر بودجە و جێبەجێکردنی، وەک بڕیاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ خەرجکردنی پارە لە چەند مانگی داهاتوودا. چاومان لە گفتوگۆی بەردەوامە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوامتر لە بەرژەوەندی عێراقییەکان."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و بڕیاریدا بڕی 2.1 تریلیۆن دینار بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. 
 
ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا ئەو دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینارەى کە بە قەزر بۆ هەرێمى کوردستانی دەنێرێت، لەرێگەى سێ بانکەوە بێت و ئەگەر دواى پاکتاوکردنى، پارە لەسەر هەرێمى کوردستان مایەوە، لە پشکەکەى بۆ بودجەى ساڵى 2024 دەبڕدرێت. هاوکات، تاوەکو 30 رۆژ دوای دەرچوونى ئەو بڕیارە، دیوانى چاودێرى دارایی هەردوولا وردبینى لە لیستى مووچەخۆران و بڕى پارەکەیان دەکەن.
 
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی بەغدا دەینێرێت، بۆ مانگەکانی 9، 10  و 11ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە کە بەشێوەیەکی مانگانە دەدرێت. دەشڵێت: "بەغدا مانگانە 700 ملیار دینار بۆ ماوەی سێ مانگ بە قەرز دەداتە هەرێمی کوردستان و دەبێت لەو ماوەیەدا هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتن لەبارەی هەمواری یاسای بودجە."
 
بڕیاری ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە لەدوای ئەوە هات کە رۆژی  پێنجشەممە، 14-9-2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی پێکهێنەری حکومەت کۆبووەوە. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ ئاوات شیخ جەناب، وەزیری دارایی؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکە بوون. 
 

 

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە