گەرمای بەسرە، کرێکاران دەبوورێنێتەوە و ئۆتۆمبێل لەکار دەخات

17-06-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
.
.
نیشانەکردن بەسرە گەرما پلەی گەرما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نیوەڕۆیەکی گەرمی شاری بەسرە لە عێراق، مانگی حوزەیرانە و پلەی گەرما 47 پلەی سیلیزییە، لەو کەشە گەرمەشدا ژیان بەردەوامە، بەڵام گەرماکە ئاستەنگیی دروستکردووە و دەبێتە هۆی بوورانەوە کرێکاران و لەکارکەوتنی ئۆتۆمبێل.
 
کرێکاران، ئەوانەی ناچارن بۆ پەیداکردنی قووتی ژیانیان لەبەر خۆر کاربکەن، دەڵێن گەرماکەی هێندە بەهێزە دووچاری بوورانەوە، شەکەتی و خوێنبەربوونی لووتیان دەکات، بەڵام ناچارن بەرگە بگرن.
 
ئەحمەد حەسەن، وەستای دیوارە لە بەسرە، دەڵێ "بێگومان دیاردەی لەهۆشخۆچوونمان هەیە. چەند جارێک کرێکارمان هەبووە بەهۆی گەرما زۆرەوە بووراوەتەوە و لە شوێنی بەرز کەوتوەتەخوارەوە و، گەیاندوومانەتە نەخۆشخانە".
 
بەسرە، یەکێکە لە شارە هەرە گەرمەکانی عێراق و لە 2016ـدا 53.8 پلەی سیلیزیی تێدا تۆمارکراوە.
 
پزیشکان هۆشداری دەدەن، ئەوانەی لە رۆژدا کاردەکەن، بچنە شوێنی سێبەر و ئاوی زۆر بخۆنەوە، تاوەکو تەندروستییان تێکنەچێت.
 
قوسەی عیدانی، پزیشکی هەناوی دەڵێ "کرێکارانی دروستکردنی باڵەخانە، فرۆشیارانی سەر شەقام و عەرەبانەچییەکان، وا باشە لەبەر سێبەردا کاربکەن، چونکە پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە، کە ئەمڕۆ گەیشتووەتە 47 و دەکرێت بچێتە سەروو 50 پلەی سلیزی، ئاوی جەستە کەمدەکات و بوورانەوە زیاتر دەبێت، بۆیە دەبێت بڕێکی زۆر ئاویش بخۆنەوە".
 
گەرماکە تەنیا کاریگەریی لەسەر مرۆڤ دانەناوە. لەکارکەوتنی ئۆتۆمبێلیش لە نیوەی رۆژەکەدا شتێکی باوە. شۆفێران دەڵێن، سیستمی فێنککەرەوەی ئۆتۆمبێل کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەو پلەی گەرما بەرزەدا نامێنێتەوە.
 
ئیهاب غالب، شۆفێرە لە بەسرە و بە تەنزەوە دەڵێ "ئەمڕۆ بەسرە ساردە، پلەی گەرما تەنیا 46ـە. ئۆتۆمبێلەکەم بەرگەی گەرماکەی نەگرت. مرۆڤ بەرگەی ئەم کەشوهەوایە ناگرێت، ئیدی ئۆتۆمبێلێک چۆن بەرگە بگرێت کە هەمووی ئاسنە".
 
هەرچەندە لەگەڵ ئەو گەرما زۆرەدا، دۆخی کارەبا لە بەسرە خراپە و خەڵک ناتوانن بە بەردەوامی فێنککەرەوە کارپێبکەن، بەڵام بازاڕی سپلێت لەم کاتەی ساڵدا وەک گەرمای شارەکە، گەرمە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە