خەمیس.. خەنجەری بەر پشتی سوننەكان

17-06-2019
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن خەمیس خەنجەر
A+ A-

رووداو - لەندەن

لەكاتی پەلاماردانی مووسڵ لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە هەڕەشەی گرتنی بەغدای دەكرد و دەیگوت شۆڕشگێڕان لە دەروازەی بەغدا نزیكن. نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی ئەو كاتی عێراقیشی بە "تاكڕەو و تائیفی" وەسف دەكرد. بە چەكدارە شیعەكانیشی دەگوت "میلیشیای ئێرانی". ناڕاستەوخۆش پێیدەگوتن ئەگەر بچنە ئەنبار لەناو تابووتدا دەگەڕێنەوە، كەچی دوای چوار ساڵ لە تەنیشت هاوپەیمانەكانی ئێران لە بەغدا، لە نێوان مالیكی و هادی عامری و قەیس خەزعەلیدا دەركەوت.


بازرگانی لە تەمەنی 20 ساڵیدا

خەمیس فەرحان عەلی خەنجەر عیساوی، سەرمایەدار، عەڕڕاب و پشتیوانی پڕۆژە سیاسییەكان دژی ئەجێندای ئێران بوو لە عێراق. خەنجەر لە ساڵی 1965 لە قەزای فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار لە بنەماڵەیەكی ناسراوی هۆزی ئەلبوعیسا لەدایك بووە. لە تەمەنی 20 ساڵیدا چووەتە بەغدا، لەوێ وەكو كوڕە شێخ و سەرمایەدارێك دەژی و دەست بەكاری بازرگانی دەكات. گروپی كۆمپانیاكانی بنەماڵەكەی بەڕێوەدەبات.

خەمیس هەمیشە خەنجەری بەر پشتێنی سوننەكانی عێراق بووە، بە تایبەتی لەدوای كەوتنی رژێمی سەدام حوسێن لە نیسانی 2003، هەمیشە هاوكار و پشتیوانی زۆربەی هێزە سوننییەكان بووە. 

بەرپرسانی شیعە، خەمیس خەنجەر بە پشتیوانی تیرۆر و یارمەتیدانی گروپە چەكدارەكان تۆمەتبار دەكەن كە شەڕیان لە دژی هێزەكانی ئەمریكا كردووە و دواتر ئەو گروپانە خۆیان لەنێو قاعیدە و داعشدا رێكخست، بەڵام خەنجەر پێیوایە لە دوای 2003 وە، عێراق لەسەر بنەمای تائیفی و چەوساندنەوە و بێبەشكردنی پێكهاتەیەك بەڕێوەچووە.

دوای 15 ساڵ لە دژایەتی حوكمی شیعە، دواجار بە سەفقەیەكی ئیقلیمی كە (ئێران، قەتەر و توركیا) تێیدا بەشدار بوون، بە یاوەریی ئوسامە نوجێفی سەركردەی دیاری سوننە، لە توركیاوە گەڕایەوە بەغدا و وەكو سەركردەیەكی دیاری عەرەبی سوننە دەستی بە چالاكیی سیاسی كرد.

لە دژایەتی ئێرانەوە بۆ بەرەی ئێران 

خەنجەر كە دەرچووی بەشی راگەیاندنە و ماستەری لە سیاسەت هەیە، دوای چەندین ساڵ لە كاری پشتپەردە و هەڵسوڕاندنی چەندین كوتلەی پەرلەمانی، دواجار خۆی حیزبێكی بە ناوی پرۆژەی عەرەبی لە یەكێك لە هۆتێلەكانی هەولێر راگەیاند، پاشان لە چوارچێوەی هاوپەیمانانی قەرار بە سەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی، بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی كرد و بووە خاوەنی 14 كورسی، بەڵام زۆری نەبرد دوای دابەشبوونی هەرسێ پێكهاتەكەی عێراق بەسەر بلۆكی تاران و واشنتندا لە سەروبەندی پێكهێنانی حكومەتی عێراق، خەمیس خەنجەر و بەشێكی زۆری عەرەبی سوننە لە چوارچێوەی هاوپەیمانانی میحوەری نیشتیمانی، چوونە پاڵ بەرەی ئێران بە سەرۆكایەتی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی و دژی دووبارە بوونەوەی حەیدەر عەبادی بە سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەرامبەر برێت مەكگۆرك وەستانەوە. لەوەشدا سەركەوتوو بوون كاتێك گەنجێكی تازە ئەزموونی وەكو محەممەد حەلبوسی-یان كرد بە سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی سوننە.

سیاسەت و بازرگانی

ئێستا خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانیی میحوەری نیشتمانییە كە بەشێكن لە هاوپەیمانیی بونیاد و زۆربەی گروپەكانی حەشدی شەعبی لەخۆگرتووە، وەكو دەمڕاستی عەرەبی سوننەی عێراق خۆی نمایش دەكات، بەڵام كاوە محەممەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق پێیوایە خەمیس نابێتە مەرجەعی سوننە.

 "پێموانییە بتوانێ ببێتە مەرجەع و چەتری كۆكەرەوەی سوننە، چونكە لە بنەڕەتدا سوننەكان لە دەرەوە فرەمەرجەعن، (بەپێچەوانەی شیعە كە لەدەرەوە یەك مەرجەعیان هەیە و ئەویش ئێرانە)، ئەمان لە ناوەوەش فرە مەرجەعن، خەنجەر پیاوێكە سیاسەت بە بازرگانییەوە دەكات و بازرگانیش بە سیاسەتەوە دەكات".

ئەندازیاری لیستەكەی عەللاوی

خەمیس لە ساڵی 2010 پشتیوانییەكی گەورەی لیستی عێراقییەی كرد بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەللاوی، بە ئەندازیاری ئەو لیستە دادەنرێت كە توانی 91 كورسی بەدەستبێنێ‌، بەڵام رێككەوتنی تاران و واشنتن جارێكی دیكە مالیكی كردەوە سەرۆكوەزیران بۆ ویلایەتی دووەم.

خەمیس خەنجەر لە ساڵی 1996 عێراقی جێهێشت، لەو كاتەوە بەردەوام لە نێوان عەممان، دوبەی، دەوحە، ئیستانبوڵ و هەولێر هاتوچۆی كردووە. پشتیوانیی ئەو بۆ خۆپیشاندەرانی پارێزگا سوننەكان لە دژی مالیكی و سەركێشانی ناڕەزایەتییەكان بۆ دروستبوونی داعش، وایكرد ناوی خەمیس خەنجەر لە گۆڕەپانی سیاسیدا بدرەوشێتەوە. خەنجەر ئێستا سەرمایەكەی بە نزیكی ملیارێك و 733 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. بە بڕوای موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق، خەنجەر بازرگانێكی سوننەیە نەك سەركردەیەكی سوننە. موسەننا ئەمین سوننەكانی عێراق بەبێ پرۆژە وەسف دەكات و دەڵێ: "زۆربەیان وەكو بازرگان و دەستكەوتی مادی و وەرگرتنی پۆست مامەڵە دەكەن لەگەڵ بەغدا، ئەو جموجۆڵانەی ئێستاش دەیكەن لە كاتێكی درەنگە".

خەمیس خەنجەر، لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەكو مەرجەعی سوننەكان دەركەوت، لەو مەراسیمەدا دوای ئەوەی مەسعود بارزانی، د.بەرهەم ساڵح، محەممەد ئەلحەلبووسی، عەممار ئەلحەكیم، نوێنەری سەرۆك وەزیرانی عێراق، گوتاریان پێشكەش كرد، خەمیس خەنجەریش گوتارێكی پێشكەش كرد. 

تۆمەتباری تیرۆر 

لە ساڵی 2015 خەمیس خەنجەر بەپێی ماددەی چواری تیرۆر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، بەڵام خۆیەكلاكردنەوەی لەسەر بلۆكی (ئێران، قەتەر و توركیا) و جهێشتنی بلۆكی (سعودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر) دەرگای بەغدای لەبەردەم واڵا كرد. كاوە محەممەد دەڵێ: "مەرجەعی ئەو قەتەرە، گومان دەكرێ پێشتر پارەی قەتەری بۆ تەمویلی داعش بەكارهێنابێت، بۆیە زۆر لە سوننە زەرەرمەندەكانی دەستی داعش، دژی ئەون. شیعەكان بەردەوام دەستوەردەدەنە ناو ماڵی سوننە تا ئەو نەبێتە چەتری سوننەكان، ئەو نزیكبوونەوەیەی ئێستاش لە نێوان هەندێ هێزی شیعی (جەماعەتی البنا) لەگەڵ خەنجەر هەیانە، تەكتیكی و كاتییە و تاسەر هێزی پێ نابەخشێ".
سەرەڕای ناكۆكی و ئێسكشكاندنی خەمیس خەنجەر لەگەڵ شیعەكان، بەردەوام دیدار و گفتوگۆ و خەتی مەعاوییەیان هەبووە، بۆیە لە گەرمەی ناكۆكییەكانیدا، خەمیس خەنجەر لەگەڵ عیزەت شابەندەر، بەیان سۆڵاغ و حەنان فەتلاوی دیداری هەبووە. شیعەكان بە گوشاری ئێران و لەسەر داوای قەتەر چاوپۆشییان لە هەموو قسە و كارەكانی كرد و ئۆپۆزیسیۆنێكی سەرمایەداریان كردە هاوپەیمانی خۆیان.

لە پرۆژەی هەرێمی سوننەوە بۆ هاوپەیمانی شیعەكان

خەمیس خەنجەر پێشتر لە پاڵ هەریەك لە ئوسامە نوجێفی و ئەسیل نوجێفی و رافیع عیساوی ناوی دەهات كە كار بۆ دروستكردنی هەرێمێك بۆ سوننەكان لە عێراق دەكەن.

خەنجەر لەدوای ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ و ئەنبار لە دەستی چەكدارانی داعش، چەندینجار بەرگری لەو بیرۆكەیە كردووە و چەندینجار هێرشی كردووەتە سەر حكومەتی عێراق بە سەركردایەتیی شیعەكان، بەڵام ئێستا هاوپەیمانێكی نزیك لە شیعەكانە.

خەمیس لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەڤزیۆنی (رووداو) لە 13/11/2016 دەڵێت: "تێبینی زۆرمان لەسەر سیاسەتی حكومەتی ناوەندی هەیە، پێمانوایە ئەو سیاسەتە تائیفییانەی لە 2003وە تاوەكو ئێستا جێبەجێ كراوە، هۆكاری ئەو نەهامەتییانە بووە كە بەسەر وڵاتدا هاتووە". هەروەها دەڵێت: "دەمانەوێ بۆ قۆناغی دوای داعش فیدراڵیزمی پارێزگاكان جێبەجێ بكرێت بەو سنوورە ئیدارییەی ئێستا، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ ئاساییكردنەوەی وڵات لە قۆناغی یەكەمدا".

ئەمینداری گشتیی پرۆژەی عەرەبی لە عێراق، ئەزموونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بۆ عێراق بە باش دەزانێت و دەڵێت: "دەوڵەتی نوێی عێراق لە ساڵی 1920وە تاوەكو ئێستا بە چەند شێوەیەك حوكمڕانی كراوە، بەشێوەی حكومەتی ناوەندی كە سوننەكان تێیدا باڵادەست بوون، نە كورد و نە شیعە پێی رازی نەبوون، ئەو حوكمەی لە 2003وە كراوە، كە تا ئێستا حوكمی شیعەیە، نە سوننە و نە كورد پێی رازی نین، ئێمە نموونەیەكی دروست و باشمان هەیە، ئەویش ئەزموونی هەرێمی كوردستانە، هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان هاوڕان لەسەر هەرێم و ئەزموونەكەی، بۆچی لە بەشەكانی دیكەی عێراق جێبەجێی نەكەین؟".

14 قوتابخانە لە هەولێر

نەیارەكانی خەمیس خەنجەر بەردەوام گومان دەخەنە سەر سەرمایە و پارەی ئەو پیاوە و وەك كەسێكی ترسناك سەیری جموجوڵەكانی دەكەن. ركابەرە سوننەكانی خەنجەر پێیانوایە كە رابەرێكی سوننە نییە، تەنانەت كوڕە شێخیش نییە و پێگەیەكی كۆمەڵایەتی لە ئەنبار نییە، گوایە پێشتر بەهۆی بازرگانی لەگەڵ رژێمی پێشوو، سوودمەندبوونی لە گەمارۆی ئابووریی سەر عێراق لە بەرنامەی نەوت بە خۆراك و بە قاچاخبردنی مەڕوماڵات و جگەرە سەروەت و سامانی كۆكردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی (رۆیتەرز)، خەمیس لە بواری بانك، پرۆژەی نیشتەجێبوون، خانووبەرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كار دەكات، بەڵام هەموو ئەمانە قسەن و تاوەكو ئێستا بەڵگەیەك نییە بۆ سەلماندنی، لەگەڵ ئەوەشدا، پارەی خەمیس خەنجەر لە پڕۆژەی خێرخوازی و ناردنە دەرەوەی قوتابیان بۆ خوێندن و پێشكەشكردنی یارمەتی بە ئاوارە عەرەبەكانی هەرێمی كوردستان و دروستكردنی پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە لە پارێزگاكانی رۆژئاوای عێراق شتێكی ئاشكرایە، زۆربەی دەزگا خێرخوازییەكانی ئەو پیاوە چالاكن، بۆ نموونە 14 قوتابخانە و دوو سەنتەری پزیشكی لە هەرێمی كوردستان دروستكردووە و خاوەنی دوو كەناڵی ئاسمانییە.

مانگانە بایی 65 هەزار دۆلار بانگەشە بۆ خۆی دەكات

خەمیس خەنجەر جگە لەوەی خاوەنی پڕۆژەیەكی سیاسییە و لە سەروبەندی كۆتاییهاتنی داعشدا لە عێراق داوای دروستكردنی چەند هەرێمێكی فیدراڵی لە ناوچە سوننییەكان كرد، مانگانە 65 هەزار دۆلار دەداتە دامەزراوەیەكی نزیك لە دیموكراتەكانی ئەمریكا و سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە بێڵ كلینتن، ئەوەش بۆ بانگەشەكردن بۆ تێزەكانی خۆی لەبارەی چارەسەری كێشەی عەرەبی سوننە لە عێراق و ریكلامكردن بۆ خودی خۆی و ناساندنی وەكو سەركردەیەكی سوننە.

خەنجەر و ئەردۆغان

بەپێی زانیارییەكانی (رۆیتەرز)، خەمیس خەنجەر بەردەوام لەلایەن تیمێكی بەریتانییەوە پاسەوانی دەكرێ، تۆڕێك لە پەیوەندی بەرفراوان و ئاڵۆزی لەگەڵ توركیا و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی لە كەنداو هەیە. بەپێی قسەی زافر عانی، سەركردە و پەرلەمانتاری حیزبەكەی خەنجەر، لەسەر داوای ئەو، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا پێشوازییەكی گەرمی لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە. ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ نفووزی خەمیس خەنجەر لەلای توركەكان.

ئێستا خەمیس خەنجەر خاوەنی 1400 چەكداری سوننەیە. بەپێی لێدوانەكانی خۆی 4000 چەكداری دیكەی ئامادەن مەشق و راهێنان بكەن و لە ئایندەدا ببنە حەشدی سوننە. خەنجەر بانگەشەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی سوننە بە هێنانی سەرمایەی زەبەلاحی كەنداو و توركیا دەكات، بۆیە جموجۆڵەكانی ئەو، نەوەی یەكەمی سەركردە سوننییەكانی نیگەران كردووە، بە تایبەتی لە گۆڕینی پارێزگاری نەینەوا كە رۆڵی خەمیس خەنجەر سەرەكی بوو لە رازیكردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ دەنگدان بە كاندیدی بزووتنەوەی عەتا بە سەرۆكایەتی فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق. ئێستاش هەوڵەكانیان بەو ئاراستەیەیە كە محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بگۆڕن. بە بۆچوونی موسەننا ئەمین: "هاوپەیمانانی خەمیس خەنجەر و ئەبومازن لە نێو پەرلەمانی عێراق بەهێزن، بەڵام هەلومەرجی عێراق و ناوچەكە لەبار نییە بۆ گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان".

لەدوای رووخانی سەددامەوە، هەر سەركردەیەكی سوننە بەهێز دەركەوتبێ‌، لە بەغدا كار بۆ لاوازكردنی كراوە، دیارترین نموونەش، تارق هاشمی، رافع ئەلعیساوی، بنەماڵەی نوجێفی لە مووسڵ كە تۆمەتی جۆراوجۆریان بۆ دروستكراوە و لە گۆڕەپانی سیاسەت دوورخراونەتەوە. ئایا خەمیس خەنجەر بە رێگەی ئەواندا دەڕوات، یان درێژە بە هاوپەیمانییەكەی لەگەڵ ئەحزابی شیعە دەدات بۆ پارێزگاری لە پێگە و سەروەتی خۆی؟

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە