رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی سنووری عێراق لەگەڵ لایەنی ئێرانی رێککەوتن هێز لە شەتولعەرەب جێگیر بکەن، ئەوەش بە ئامانجی رێگریکردن لە قاچاخچێتی.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16-12-2025، کۆبوونەوەی وەرزی لەنێوان کۆمیسیاری سنووری شەتولعەرەبی عێراق و کۆمیسیاری سنووری ئابادانی ئێران بەڕێوەچوو.
فەرماندەیی هێزەکانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوتوێی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری کرا و هەردوولا رێککەوتن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ سنووردارکردنی دزەکردن و قاچاخچێتی، ئەوەش لە رێگەی هەبوونی هێزی سەربازی و دانانی بۆسە لە سنووری دەسەڵاتی هەر لایەک.
فەرماندەیی هێزەکانی سنووری عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لایەنی عێراقی و ئێرانی جەختیان لە هۆشیارکردنەوەی ماسیگران و رێگریکردن لە راوی نایاسایی کردەوە، لەگەڵ پابەندبوونیان بەوەی سنووری ئاویی نێوان هەردوو وڵات نەبەزێنن.
عێراق و هەرێمی کوردستان 1458 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ ئێران هەیە.
شەتولعەرەب لە بە یەکگەیشتنی هەردوو رووباری دیجلە و فوورات پێکدێت.
تاوەکو 1975 شەتولعەرەب بەشێک بوو لە عێراق، بەڵام عێراق بەگوێرەی رێککەتنامەی جەزائیر سازشی لەسەر کەناراوییەکانی کرد بۆ ئێران بە درێژایی سنووری لەگەڵ ئەو وڵاتە بووە شوێنێکی دەریاوانی هاوبەش.



