رووداو دیجیتاڵ
دوای راگەیێندراوەکەی رۆژی پێنجشەممەی حیزبی سیادەی سوننەکان تایبەت بە هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی کەسێك بۆ دانوستاندن تایبەت بە دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، مەشعان جبووری لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا هەڕەشە لە حیزبەکە دەکات و دەڵێت، "ئەگەر داوای لێبووردن نەکەن"، راستییەکان ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ هەینی مەشعان جبووری، سیاسەتڤانی سوننە و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەی راگەیێندراوەکەی دوێنێی حیزبی سیادەی داناوە و لەسەری نووسیویەتی، "ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە من رێگەپێدراو نیم کە دانوستاندن بۆ دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەم، دەبێت بزانن راستییەکە ئەوەیە کە من لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە رێگەپێدراوم و نامەی دەنگیم لایە کە رۆژی 13ـی ئاب بۆی ناردووم و ناوی بەربژێرەکانی تێدا دیاریکراوە."
مەشعان جبووری دەڵێت، "داوا لە حیزبی سیادە دەکەم ئەمڕۆ بە راگەیێندراوێک داوای لێبووردن بکات لە بەرامبەر ئەو راگەیێندراوەی بڵاویکردەوە، ئەگەرنا ناچار دەبم نامە دەنگییەکە بڵاوبکەمەوە تاکو رای گشتیی بزانن کێ راست ناڵێت."
دوێنێ 15ـی ئاب، حیزبی سیادە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "عەبدولخالق عەزاری، جێگری سەرۆکی حیزبی سیادە تاکە بەرپرسی رێگەپێدراوە بۆ بەشداریکردن لە دانوستاندن و گفتوگۆ سیاسییەکان بەناوی خەمیس خەنجەرەوە."
شەوی 14ـی ئاب، مەشعان جبووری سەردانی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدوومی سوننەی کرد و پێی راگەیاند، "هاوپەیمانیی سیادە ئامادەیە بە چەند مەرجێک لەگەڵ تەقەدووم بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پێشکەش بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ