رووداو دیجیتاڵ
لە پێناو بەهێزکردنی هاوئاهەنگییە یاسایی و ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و تاران، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا لە ئێرانە و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
رۆژی سێشەممە، 25ی ئابی 2026، دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە تاران. شاندەکەی عێراق پێکهاتووە لە سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەری، سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتی و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پاسەوانیی دادوەری.
فایەق زێدان لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە کە وەزیری دادی ئێرانیش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو و تێیدا باسیان لە "بەهێزکردنی هاوئاهەنگییە دادوەری و یاساییەکان" لە نێوان هەردوو وڵات کرد ، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە و پرسی گۆڕینەوەی شارەزاییەکان تاوتوێکرا و جەخت لەسەر "هاوئاهەنگی لە پرسە یاساییە هاوبەشەکان" کرایەوە، کە رەنگدانەوەی پەیوەندییە مێژوویی و جوگرافییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.
ئاسایشی ناوچەکە، دۆسیەی ئەمنی و پاراستنی سەقامگیری، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی زێدان بوو لەگەڵ موحسین رەزایی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چالاککردنی رێککەوتننامە دادوەری و ئەمنییەکان".
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی دادوەریی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر "گرنگیی گۆڕینەوەی زانیاری و شارەزایی بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانی رێکخراو، بە مەبەستی چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکە."
فایەق زێدان و شاندەکەی لەگەڵ غولام حسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران کۆبوونەوە و باس لە چەندین دۆسیەی یاسایی و دادوەری کرا کە پەیوەندییان بە هاووڵاتییانی هەردوو وڵات و رێکارە دادوەرییە سنوورییەکانەوەیە.
بەپێی ئەوەی میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردووەتەوە، پرسی ئاسایشی سنوورەکان و هەڕەشە دەرەکییەکان تەوەرەی سەرەکیی دیدارەکان بوون.
میدیای ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گۆڕینەوەی زیندانییان کراوە. ئیژەیی ئاشکرای کردووە، پار 131 زیندانیی ئێرانی لە گرتووخانەکانی عێراقەوە رادەستکراونەتەوە.



