رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ کەسوکاری شەهیدانی دەستی حکومەتی بەعس بەربانگی کردەوە.
16ی ئادار، لە لایەن حکومەتی فیدڕالیی عێراقەوە وەک "رۆژی یادکردنەوەی تاوانەکانی بەعس بەرامبەر گەلی عێراق" کراوەتە پشووی نیشتمانی.
لە راگەیێندراوێکی رۆژی دووشەممەی نووسینگەی سوودانیدا هاتووە: "سوودانی بە شانازییەوە ئاماژەی بە شەهیدانی کارەساتی هەڵەبجە، راپەڕینی شەعبانییە، ئەنفال و قوربانییانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کرد کە منداڵان و ژنان بوون، ئەو تاوانانەی کە دەزگا سەرکوتکارەکانی رژێمی دیکتاتۆر بە شێوەیەکی بێبەزەییانە دژی گەل ئەنجامیان دا، کە یەکێکە لە ناشیرینترین پێشێلکارییەکانی سەردەمی ئەو رژێمەی کە هەندێک کەس هەوڵی جوانکردنی دەدەن و بەرگری لێ دەکەن".
سوودانی روونیکردەوە کە "ئەم قوربانیدانانە بوونە هۆی لەنێوچوونی رژێمی دیکتاتۆری و دامەزراندنی پرۆسە و سیستمی سیاسی، جەختیشی کردەوە کە لە بەر وەفاداری بۆ ئەم قوربانیدانانە دەبێت پارێزگاری لە دەستکەوتەکان بکەین و دەوڵەت بنیات بنێین و بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەیببەین، بە شێوەیەک کە بنەماکانی ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی بپارێزێت کە باوکان و براکانمان لە پێناویدا خەباتیان کرد لە دژی دەسەڵاتی ستەمکار".
لە بارەی کیمیابارانی هەڵەبجەوە، سوودانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ یادی کارەساتی هەڵەبجە بەسەرماندا تێدەپەڕێت کە یەکێکە لە تاوانە هەرە گەورەکانی جینۆساید".
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەرکی حکومەتە، لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا، چاودێری و خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان بکات. حکومەت لە هەموو بۆنە و یادەکاندا جەخت لە یادکردنەوەی شەهیدان دەکاتەوە و لە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و دامەزراوەکانی دیکە کاردەکات بۆ خزمەتی کەسوکاری شەهیدان، گوێگرتن لە داواکارییەکانیان و جێبەجێکردنیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ