رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لەسەر بانگەوازی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر نوێژی هەینی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت. لە ئێوارەی دوێنێوە لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراق بەرەو بەغدا بەڕێکەوتوون. پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، موقتەدا سەدر گەیشتووەتە بەغدا و هێزێکی ئەمنیی زۆریش لەو شارە بڵاوەیان پێکراوە، بەپێی ئەو ئامادەکارییانەبێت، "سەدر خۆی گوتاری هەینی دەخوێنێتەوە."
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، دەیان هەزار لایەنگری سەدر لەو گۆڕەپانە ئامادەن کە بڕیارە نوێژی بەکۆمەڵی لێ بکرێت و بەردەوام خەڵکی زیاتر دەگەنە گۆڕەپانەکە. "بەپێی ئەو ئامادەکارییانەی کراون، پێدەچێت موقتەدا سەدر لەناو جەماوەرەکەیدا ئامادەبێت و گوتارێک پێشکەش بکات."
لە ئێوارەی دوێنێوە هێزێکی زۆر لەنێو کۆڵان و شەقامەکانی بەغدا بڵاوەیان پێکراوە، بەتایبەت لە ناوچەی سەدر کە بڕیارە لایەنگرانی رەوتی سەدر نوێژی بەکۆمەڵ لەوێ بەڕێوەببەن، بە گوێرەی پەیامنێری رووداو، ئەو لایەنانەی سەرپەرشتیی گردبوونەوەکە دەکەن، "رێگە نادەن میدیاکان نزیک شوێنی نوێژکردنەکە ببنەوە."
بڕیارە لە کاژێر 11:30 بە شێوەی راستەوخۆ رێوڕەسمی نوێژە بەکۆمەڵەکە لەلایەن رەوتی سەدر بگوازرێتەوە.

بە گوێرەی لێدوان و راگەیێندراوەکانی رەوتی سەدر، پێدەچێت ئەمڕۆ تەنیا رێوڕەسمی نوێژی هەینی بەڕێوەبچێت و هیچ خۆپێشاندانێک لەلایەن نوێژخوێنانەوە ئەنجام نەدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەروازەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا بە هێزێکی ئەمنیی زۆر تەنراون و ئامادەکارییەکی چڕی ئەمنی کراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک.
رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە 73 کورسی توانی براوەی یەکەمی ئەو هەڵبژاردنە بێت و لەگەڵ هاوپەیمانیی سوننەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانیی سێقۆڵی پێکهێنا، مانگی رابردووش پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمان دەستیان لەکار کێشایەوە.
رۆژی یەکشەممەی 12-06-2022، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق کە ژمارەیان 73 پەرلەمانتاربوو و پەرلەمانتارێکی دیکەش چووبووە پاڵیان، بە کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە، وەکو ناڕەزایەتییەک بەرانبەر ئەو بنبەستە سیاسییەی لە عێراق هەیە و هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هاوپەیمانیی سێقۆڵیی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە بە رابەرایەتی نووری مالیکی و هاوپەیمانەکانی.
دۆخى ئەمجارەى ئامادەکارییەکان بۆ نوێژى هەینى 15ـی تەممووز نزیکە لەوەى لە ساڵى 2016 روویدا، کاتێک لە 30ـی نیسانى ئەوساڵەدا لایەنگرانى سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەى پەرلەمانى عێراق لە ناوچەى سەوز کە پارێزراوترین پێگەى بەغداى پایتەختە و چوونە نێو هۆڵەکەی.
ئەو هەنگاوە لە دواى ئەوە بوو کە هەمان رۆژ موقتەدا سەدر لە نەجەف گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا هێرشی کردە سەر ئەوانەى بە "پاڵپشتیکارى پشکپکشێنە" ناوى بردن و گوتی: "ئەگەر بەرپرسانى گەندەڵکار و سیستمى پشکپشکێنە بەردەوام بێت، حکومەت بەتێکڕا دەڕوخێت."
چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە لە زۆرینەى لایەنە شیعەکان پێکدێت، رکابەریى ژمارە یەکى سەدرە، کە بەهۆى ململانێیانەوە ئەو رەوتە نەیتوانى حکومەت پێکبهێنێت، هەرچەندە بە 73 کورسییەوە گەورەترین فراکسیۆن بوو، بەر لەوەى لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان بکشێتەوە.
ترسى ئەو هاوپەیمانێتییە لەوەدایە، کە لە سەروبەندى هەنگاوەکانى بۆ پێکهێنانى حکومەت، سەدر دژە هێرشێک لە شەقامەوە بکات و ریسەکەیان لێ بکاتەوە بە خورى بۆ پێکهێنانى حکومەت.

ئینتیسار جەزائیرى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى فەتح بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "قۆناخەکە هەستیارە، بەتایبەت لە پاش کشانەوەى 73 پەرلەمانتارەکەى رەوتى سەدر کە درزێکى گەورەى خستە نێو پەرلەمان و ئەوە ئاڵنگارییە بۆ شەقام، بۆیە دەبێت کەسێتیی سەرۆکوەزیرانى داهاتوو بەهێزبێت و بەرپرسیارێتییەکى گەورە هەڵبگرێت بۆ سەلماندنى خۆى، دەبێت هەموو لایەک بەشداربن و رۆڵیان هەبێت لە پێکهێنانى حکومەت، بەوانەشەوە کە کشاونەتەوە."
لیژنەی سەرپەرشتیی "نوێژی یەکگرتوویی" رۆژی سێشەمی رابردوو 12 رێنوێنیی لەبارەی چۆنێتیی بەڕێوەچوونی نوێژەکە بڵاوکردەوە کە رێنوێنییەکان بریتین لە:
1- هەرچییەک رووبدات، نابێت چوون بە ئاراستەی سەکۆ هەبێت. دەبێت هاووڵاتییان لە شوێنی دیاریکراوی هەر پارێزگایەکدا دابنیشن و بە رێنوێنییەکانەوە پابەند بن.
2- گوێگرتن لە دوو گوتار.
3- پابەندبوون بە مەرجەکانی تەندروستی و خۆپارێزی.
4- نابێت هاووڵاتی لە کۆڵانە تەسکەکان دابنیشێت.
5- دەبێت هاووڵاتی بەگوێرەی توانا بەرماڵ و خاولی و پێداویستی و ئاڵا لەگەڵ خۆی بهێنێت.
6- دەبێت هاووڵاتیی بەشداربوو شەو لای کەسی نەناسراو نەمێنێتەوە و نەچێتە شوێنی نەگونجاو.
7- دەبێت هاووڵاتی هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هەبێت لەکاتی چوون بۆ شوێنی نوێژەکە و دەرچوون لێی.
8- دەبێت هاووڵاتی لە کاتی هەر رووداوێکدا پەیوەندی بە هۆبەی فریاکەوتنەوە بکات.
9- هەر کەسێک نەخۆش بکەوێت، لیژنەی پزیشکی نزیکە و پێویست ناکات بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.
10- لیژنەیەکی تایبەت بە وێنەگرتن هەیە و لە کاتی نوێژکردن کاری خۆیان دەکەن.
11- رۆژی پێنجشەممە شوێنی نوێژکردنەکە رادەگەیێنین، دوای ئەوەی لەڕووی ئەمنییەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.
12- دەستپێکردنەکە بە یەکگرتوویی و باوەڕداری دەبێت، لەسەر هەموو پاسەکانی نووسینگەی شەهید سەید محەممەد سەدر ناوی پارێزگاکە و ژمارەی پاسەکە دەنووسرێت.



