پاسێکی تابلۆی هەرێمی کوردستان لە بەغدا 9 ملیۆن دینار سزای هاتووچۆی لەسەرە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاتووچۆی عێراق رایدەگەیێنێت، پاسێک کە تابلۆی یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەسەرە و لە شاری بەغدا کاردەکات 81 سەرپێچی هاتووچۆی کردووە و 9 ملیۆن دیناری لەسەرە. 
 
عەقیدی حەیدەر محەممەد وائیلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 14-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن، لە بەغدا و پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشوور سزاکەیان لەکاتی سەرپێچیی هاتووچۆ تۆماردەکرێت و پێ بژاردنیان لێوەردەگرێت. 
 
بە گوتەی عەقیدی حەیدەر محەممەد پێشتر شوفێران وا تێگەیشتبوون کە ئۆتۆمبێلی تابلۆکانی هەرێمی کوردستان پێبژاردن نایانگرێتەوە، بۆیە بەشێکیان بە ئارەزووی خۆیان ئۆتۆمبێلیان لێخۆڕیوە و گوێیان بە رێنماییەکانی هاتووچۆ و کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی نەداوە. 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق نموونەی پاسێک لە شاری بەغدا هێنایەوە، کە تابلۆی یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، تائێستا 81 سەرپێچیی کردووە و 9 ملیۆن دیناری لەسەرە.
 
عەقید حەیدەر محەممەد وائیلی داوا لەو کەسانە دەکات ئۆتۆمبێلی تابلۆکانی هەرێمی کوردستان دەکڕن، لە هەرێمی کوردستان و بەغدا چێکی بکەنەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابن ئۆتۆمبێلەکە سزای سەرپێچی هاتووچۆی لەسەرە، یاخود نا.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق، زۆرجار ئەمە کاتێک ئاشکرادەبێت کە کەسێک ئۆتۆمبێل دەکڕێت و بۆ ناوکردن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ دەکات؛ یاخود سەرپێچییەک دەکات، سەیری سزاکەی سەری دەکرێتەوە بۆ پاکتاوکردن. 
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە عێراق هەموو ساڵێک ژمارەی ئۆتۆمبێل زیاد دەکات، زیاتر حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو بە هەموو جۆرەکانییەوە هەن. ئەمە وێڕای ماتۆڕسکیل و توکتوک کە ژمارەیان لەنێوان 250 - 300 هەزارە. فەرمانگەکانی دەوڵەتیش نزیکەی 300 هەزار ئۆتۆمبێلی تۆمارکراویان هەیە. 
 
لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل بە فەرمی تۆمارکراون. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کازم فنجان حوسێن، وەزیری پێشووتری گواستنەوەی عێراق

وەزیرێکی کابینەکەی عەبادی بە سێ ساڵ زیندانی سزا درا

دادگەی تاوانەکانی رەسافە لە بەغدا دوای دەستکەوتنی "بەڵگەی تەواو و سەلمێنراو" بۆی دەرکەوتووە، وەزیری پێشووتری گواستنەوەی عێراق، کە هەڵاتووە سەرپێچیی لە گرێبەستی پێدانی سووتەمەنی بە فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە وێستگەکانی دەرەوەدا کردووە.