رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى دارایی عێراق دەڵێت، ناکرێت بودجەى ساڵانى 2024 و 2025 بێ رەزامەندیی پەرلەمان و ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق تێپەڕێت و ئاماژە بەوەش دەکات کە "پەرلەمان ناتوانێت خەرجى بودجە زیاد بکات."
تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق بە ژمارەیەک میدیای عێراقی راگەیاند کە بودجەى ساڵانى 2024 و 2025 بێ رەزامەندى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق و پەرلەمانی عێراق تێناپەڕێندرێت و پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بۆ ساڵى یەکەمى 2023 پەیوەستیە، بەڵام ئەنجوومەنى وەزیران مافی هەیە کە بۆ ساڵى دووەم و سێیەم و بە رەزامەندى پەرلەمان و لەسەر پێشنیازى وەزارەتەکانى دارایی و پلاندانان یاساکە هەموار بکاتەوە.
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى عێراق بۆ سێ ساڵە کە ساڵانى 2023، 2024 و 2025 دەگرێتەوە و قەبارەکەى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە بۆ هەر ساڵێکى.
بەگوێرەى رێککەوتنى لایەنەکانى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت، دواى پەسندکردنى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى، بۆ ساڵانى دواتر کە 2024 و 2025یە پڕۆژەیاساکە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە هەموار دەکرێتەوە و لە پەرلەمانى دەنگ بە هەموارکردنەکە دەدرێت، ئەوەش بەگوێرەى پێویستى زیادکردنى قەبارەى بودجەکە و لەبەرچاوگرتنى نرخى نەوت و پشکى پارێزگاکان.
ئێستا پڕۆژەیاسایەکە لەلایەن لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراقەوە کارى لەسەردەکرێت بەرلەوەى بخرێتە دەنگدانەوە کە بڕیارە لەکۆتایی ئەم هەفتەیەدا پەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت.
تەیف سامى ئاماژەى بەوەدا کە ناکرێت خەرجییەکانى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى زیاد بکرێت یان دەستەواژەیەک بخرێتە نێو پڕۆژەیاساکە کە پارەى زیاتر بخاتە سەر شانى خەزێنەى گشتى کە ئاستەکەى دیاریکراوە.
وەزیرى دارایی گوتیشى، "پێشبینی دەکەین نرخى یەک بەرمیل نەوت بگاتە 83 دۆلار و ئەگەر نرخەکەى بەرزبێتەوە، قەرز لە بانکى ناوەندى ناکەین".
لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى، نرخى نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە، لەکاتێکدا ئەمڕۆ یەکشەمە 14ى ئایار نرخى یەک بەرمیل نەوتى برێنت بە 72 دۆلار مامەڵەى پێوەکرا.
تەیف سامى رایگەیاند کە لە ساڵانى رابردوودا یاساى بودجەى گشتى بەشێوەیەکى تەواوەتى جێبەجێنەکراوە بەهۆى ئەوەى فەرمانگە و پارێزگاکان نەیانتوانیوە خەرجی بکەین؛ گوتیشى:"قورسترین دۆسیە لەسەر شانى خەزێنەى گشتى دۆسیەى کارەبایە کە دەگاتە نزیکەى 16 تریلیۆن دینار".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ