رووداو دیجیتاڵ
لە بەسرە سێ کرێکار لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆدا، کەوتنە ناو تانکییەکی کۆکردنەوەی ئاوی قورس و گیانیان لەدەستدا. بەرگریی شارستانیش هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکان کە پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی بن.
بەرگریی شارستانیی بەسرە رایگەیاند، تیمەکانیان بە هاوکاریی ژمارەیەک مەلەوانی پسپۆڕ، تەرمی سێ کرێکاریان لە نێو وێستگەیەکی بەرزکردنەوەی ئاوەڕۆ لە ناوچەی (جەڕی) لە قەزای ئیمام سادق دەرهێناوە.
بەپێی بەرگریی شارستانی عێراق، کرێکارەکان لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی تەواونەکراو، کەوتوونەتە ناو تانکییەکی کۆکردنەوەی ئاوی قورس کە قووڵییەکەی 15 مەتر بووە. دەستبەجێ دوای گەیشتنی تیمەکانی فریاکەوتن، تەرمەکان دەرهێنراون و رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی کراون.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی جەختی لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە "پێوەرەکانی سەلامەتیی پیشەیی" کردووەتەوە و داوای لە کرێکاران و کۆمپانیاکان کرد، پێش دابەزینە نێو تانکییەکانی ئاوەڕۆ، ئامێری هەناسەدان، پەت و کەرەستەی سەلامەتی بەکاربهێنن.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە ئامێری کێشانی گازەکان بەکاربهێنرێت بۆ پاککردنەوەی شوێنەکە لە گازی "مێسان"ی ژەهراوی، تاوەکو رێگری لە رووداوی هاوشێوە و خنکانی کرێکاران بکرێت.



