رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، هیچ گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان واژۆ ناکرێت و گرێبەستە کۆنەکان بە کارایی دەمێننەوە. ئاماژە بەوەش دەدات کە بڕی 16 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنان تەنیا وەک "پێشینە" دیاریکراوە تاوەکو وردبینیی تێچووەکان تەواو دەبێت.
رۆژی شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایگەیاند: "هیچ گرێبەستێکی نوێ واژۆ ناکرێت، چونکە گرێبەستەکانی پێشووی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکان تاوەکو ئێستا کاران و کاریان پێدەکرێت."
سەبارەت بە هۆکاری راوەستانی کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە، گوتەبێژی وەزارەتی نەوت گوتی، "کشانەوەی کۆمپانیاکان لە رابردوودا بەهۆی هۆکاری ئەمنییەوە بووە. لەو چوارچێوەیەشدا بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کراوە و هاندراون بۆ ئەوەی دەستبەجێ دەستبەکار ببنەوە و هەموو ئاستەنگەکانی بەردەمیان چارەسەر بکرێن."
16 دۆلارەکە کاتییە
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بوو. سەلیم روکابی بۆ رووداو روونی کردەوە، "ئەو بڕە پارەیەی کە بە 16 دۆلار دیاریکراوە، لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیدا تەنیا وەک پێشینە (سولفە) جێگیر کراوە."
دەشڵێت، "ئەم بڕە پارەیە وەک پێشینە دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی کۆمپانیای راوێژکاری نێودەوڵەتی، کە ئەرکی دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی پێسپێردراوە، کارەکانی تەواو دەکات و تێچووە ڕاستەقینەکان دیاری دەکات."
پاش دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە، کێشە بۆ هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی تەنگەی هورمز دروست بووە، ئێستا زۆربەی نەوتەکەی لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە دەکات.



