هێرشکارانی سەر هاووڵاتییە سووریاییەکانی عێراق دەستگیر نەکراون

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژە لیژنەیەکی ئەمنی بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە پێکهێندراوە کە هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک هاووڵاتیی سووریا، کە لە عێراق کار دەکەن. گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق دەڵێت، هێشتا کەس دەستگیر نەکراوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 14ی ئاداری 2025 سەباح نوعمان، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هیزە چەکدارەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو لیژنە ئەمنییەی بۆ دەستگیرکردنى هێرشکەرانی سەر هاووڵاتییە سووریاییەکانى عێراق پێکهێندراوە، لە کار و لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کەس دەستگیر نەکراوە."
 
گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق بە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە تۆمەتبار دەکرێن.
 
بەڵام حیزبوڵڵای عێراقی، یەکێک لە گرووپە چەکدارە شیعە دیارەکانی عێراق رایگەیاندووە، "مێژووی عێراق و سووریا پڕە لە پەیوەندیی برایەتی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی. ناکرێت ئەم پەیوەندییانە بە هەلومەرجی نائاسایی چەتەکانی جۆلانی بسڕدرێنەوە. سووکایەتیکردن بە سووریاییەکان لە ماڵی دووەمی خۆیاندا، سووکایەتیکردنە بە گەلی عێراق."
 
حیزبوڵڵای عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، هەندێک لەو پێشێلکارییانەی لەلایەن سووریاییەکانی نیشتەجێی عێراقەوە دەکرێن، تاکەکەسین و چارەسەرکردنیان دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقەوە، بەپێی یاسا و رێساکان کە مافی هەمووان دەپارێزن.
 
12ی ئەم مانگە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی دەستدرێژییەکان بۆسەر سووریاییەکانی عێراق رایگەیاند، "ئەو کردەوانە سەرکۆنە دەکەین کە سووریاییەکان لە عێراق رووبەڕوویان دەبنەوە. ئەو کردەوانە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانن."
 
دوێنێ پێنجشەممەش، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی) نیگەرانی خۆی لەبارەی هێرشی سەر سووریاییەکانی عێراق دەربڕی و پاڵپشتی خۆی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان دووپاتکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سووریا.

فوئاد حوسێن و ئەسعەد شەیبانی: سەقامگیری عێراق و سووریا پێکەوە گرێدراوە

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد. هەردوولا هاوڕبوون لەسەر ئەوەی سەقامگیری هەردوو وڵات هاوبەش و پێکەوە گرێدراوە و دەڵێن، کار بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە هەمەلایەنەکانیان دەکەن.