رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق سیستمێکی نوێی زیرەکی بۆ چاودێریکردنی پردەکان پەرەپێداوە، کە دەتوانێت پێشوەختە تێکچوونە بیناسازییەکان و مەترسییەکانی سەر ژێرخان دەستنیشان بکات.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند، فوئاد حوسێن، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییە گشتییەکان بەوەکالەت، بڕوانامەی داهێنانی بەخشیوەتە ئەو فەرمانبەرانەی سیستمێکی زیرەکیان بۆ چاودێریکردنی پردەکان و دەستنیشانکردنی پێشوەختەی تێکچوونە بیناسازییەکان پەرەپێداوە.
سەبارەت بە وردەکاریی ئامێرەکە، نەبیل سەفار گوتی: "پێشکەوتووە و لە کۆمەڵێک هەستەوەری تاودان پێکهاتووە، کە لە رێگەی ئەلگۆریتمێکی زیرەکەوە داتاکان دەگۆڕێ بۆ چەندین ئەنجامی جیاواز و لەسەر پلاتفۆرمی وێب سێرڤەر نیشانیان دەدات."
ئەم داهێنانە سیستمێکی زیرەکی فرە-تەوەرەیە بۆ چاودێریی جیۆداینامیکی، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی تێکچوونە بیناسازییەکان لە پردەکان.
سیستمەکە بۆ پێوانەکردنی رۆچوون یان نیشتن، گوشار، گرژی، فریکوێنسی سرووشتی و لەرینەوەکان لە کاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێل بەسەر جۆرە جیاوازەکانی پردەکاندا بەکاردێ.
ئەم تەکنەلۆژیایە لە کاتی ئەنجامدانی پشکنینە بارکردنە جێگیر و بزوێنەکاندا بەکاردێت.
ئامانجی ئەم داهێنانە، پەرەپێدانی سیستمێکی ئەندازیارییە بۆ چاودێریکردنی پردەکان. بەمەش دەتوانرێ پێشوەختە هەر تێکچوون و لادانێکی بیناسازی لە پردەکاندا دەستنیشان بکرێ، ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بنێردرێ و پشتگیری لە "چاککردنەوەی پێشبینیکراو" بکرێ بۆ پاراستنی سەلامەتی ژێرخانە ستراتیژییەکان.
عێراق خاوەنی سەتان پردی ستراتیژییە کە هەندێکیان تەمەنیان زۆرە و بەهۆی بارگرانیی زۆر و کاریگەرییە ژینگەییەکانەوە رووبەڕووی داخوران و تێکچوون دەبنەوە.



