رووداو دیجیتاڵ
تەرمی فەرماندەی لیوای 103ی پیادە لە سوپای عێراق لە رووباری دیجلە دۆزرایەوە.
عەمید هەیسەم سەلمان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی دیالە، ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ تەرمی عەمید روکن فەیسەڵ جەواد کازم خەفاجی، فەرماندەی لیوای 103ی سەر بە فرقەی 25ی سوپای عێراق کە لە ئاودا خنکا لەلایەن تیمەکانی پۆلیسی رووبار دۆزرایەوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی دیالە،تەرمەکە بە هاوئاهەنگیی نێوان تیمەکانی مەلەوانی پۆلیسی رووباری فەرماندەیی پۆلیسی دیالە و پۆلیسی کەرخ-ی بەغدا دۆزراوەتەوە.
ئێوارەی رۆژی هەینی عەمید روکن فەیسەڵ جەواد کازم، فەرماندەی لیوای 103ی سەر بە فرقەی 25ی سوپای عێراق، لە ئاودا خنکا . دوای ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەی باخێکیان لە سنووری ناحیەی شەت جەدیدە لە پارێزگای دیالە بە کرێ گرتبوو و لەوێ لەکاتی مەلەکردندا لە رووباری دیجلە خنکا و ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە.



