رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە سەرکردە و لایەنی سیاسی عێراق کۆبوویەوە و بە 17یەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە حیزبی و حکومییەکانی عێراق، کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ بەغدا هێنا و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند؛ "دوو پرسی سەرەکی کە لە کۆبوونەوەکان باسکران، قووتی خەڵکی کوردستان و ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان بوو".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2024، بۆ بەشداریکردن لە ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم چووە بەغدا و لەوێ گوتارێکی پێشکێش‌کرد کە تیایدا ئاماژەی بە پرسی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستانی کرد، دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمەکە، دیدارەکانی بە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستپێکرد.
پرسی سەرەکیی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە عێراق و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو و هەر بۆ ئەوە مەبەستەش دوو کۆبوونەوەیان لەم رۆژەدا ئەنجامدا. دوای کۆبوونەوەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کە رۆژانی سێشەممە بەڕێوەدەچێت، هێنایە پێشەوە و ئەمڕۆ لەبارەی هەمواری یاسای بودجە کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشنیازیکرد تاوەکو ئەوکاتەی یاسای بودجەی عێراق هەمواردەکرێتەوە، مانگانە لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان 618 ملیار دینار بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هەریەک لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم؛ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری؛ قەیس خەزعەلی، سه‌رۆكى عه‌سائيبى ئه‌هلى حه‌ق و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و پاشان لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.
لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی کۆمەڵێک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی حیزبی و حکومەتی عێراق کرد، لەنێویدا، هادی عامری، سه‌رۆكى رێكخراوى به‌در؛ عه‌ممار حه‌كيم، سه‌رۆكى ره‌وتى حيكمه؛ موحسین مه‌نده‌لاوى، جێگرى يه‌كه‌مى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ حەیدەر عەبادی، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى نه‌سر و فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.
"دەبێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت"
نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوە لەگەڵ هادی عامری، سه‌رۆكى رێكخراوى به‌در پرسی ئاسایش و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرد و دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیدا؛ "هەردوولا هاوڕابوون، ده‌بێت ماف و شايسته دارايييه‌كان و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان بدرێت و ژيان و گوزه‌رانى هاووڵاتييان پارێزراو بێت."
تاوتوێكردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گرنگيى چاره‌سه‌ركردنيان به گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديدارهكەی نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری بوو.
چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور
هەر ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عه‌ممار حه‌كيم، سه‌رۆكى ره‌وتى حيكمه لەبارەی كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى نێوانيان بۆ چارەسەری کێشەکان کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه ده‌بێ كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن و ماف و شايسته‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق پارێزراو بن، هه‌روه‌ها هاووڵاتييان به قووت و گوزه‌رانى خۆيان، باجى كێشه سياسييه‌كان نه‌ده‌ن."
لەم کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخى سياسيى عێراق و گرنگيى پشتگيرى له به‌رنامه‌ى كارى حكومه‌تى عێراق و سه‌رخستنى کرا.
"دەبێ هەموو لایەک کار بۆ سەقامگیریی عێراق بکەن"
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ موحسین مه‌نده‌لاوى، جێگرى يه‌كه‌مى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و رۆڵی پەرلەمان لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەدا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دووپات لەوە کرایەوە كه ئارامى و سهقامگيريى عێراق پێكه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه و تێكچوونى سهقامگيريى هه‌ر به‌شێكى عێراق، كاريگه‌رى له‌سه‌ر ئارامى و سهقامگيريى ته‌واوى وڵات هه‌يه، بۆیە ده‌بێت هه‌مووان له عێراق كار بكه‌ن بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى.
"نابێ هاووڵاتییان باجی کێشە سیاسییەکان بدەن"
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی دیدارەکانی رۆژی یەکشەممەیدا، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى نه‌سر کۆبوویەوە. لە راگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا؛ "هه‌ردوولا داكۆكييان له پێوستيى پاراستنى عێراق له لێكه‌وته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌كه و گرنگيى هاريكاريى لايه‌نه سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى عێراق كرد بۆ تێپه‌ڕاندنى ناكۆكييهكان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به گفتوگۆ و لێکتێگه‌يشتن."
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى نه‌سر لەبارەی دۆخى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا گفتوگۆیان کرد، وەکو لە راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە، "نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی هاوڕابوون كه نابێت هاووڵاتييان له ژيان و گوزەرانى خۆيان، باجى كێشه سياسييه‌كان بده‌ن."
"هێرشه درۆنييهكان زيان به سهقامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌يه‌نن"
یەک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەرجەم دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بەئامانجگرتنی پێشمەرگە بوو، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی پێداگری لەسەر ئەو پرسە کردەوە و هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە ئەو هێرشانە زیان بە سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەگەیەنێت.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاندووە؛ "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى ئه‌منيى عێراق و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و هێرش و په‌لاماره‌كانى داعش بۆ سه‌ر هێزه چه‌كداره‌كان و هێزه ئه‌منييه‌كانى عێراق و هاووڵاتييان، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕ و ئاڵۆزيیه‌كان و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه، تاوتوێ كران."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ "سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی هاوڕا بوون لەوەی، به‌ئامانجگرتنى پێشمه‌رگه و هێرشه درۆنييهكان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، زيان به ئارامى و سهقامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌يه‌نێت."
"نابێ عێراق بخزێته ناو ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه"
هەر لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبوویەوە و دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدایان تاوتوێکرد و دووپاتیان کردەوە؛ "نابێ عێراق بخزێته ناو ئاڵۆزييه‌كانى نێوچهكهوه".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە؛ "نێچیرڤان بارزانی و لەتیف رەشید جه‌ختيان له پێويستيى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، ناردنى شايسته داراييه‌كان و بودجه و مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه. هەردوولا هاوڕابوون كه نابێت ژيان و گوزه‌رانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان تێكه‌ڵ به كێشه سياسييه‌كان بكرێت."
لەبارەی ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه و ئه‌گه‌ر و لێكهوتهكان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراق "دووپاتيان كرده‌وه كه ده‌بێت عێراق نه‌خزێته ناو ئاڵۆزييه‌كانى نێوچهكهوه و هه‌موو لايه‌ك كار بكه‌ن بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌نديى باڵا و ئارامى و سه‌قامگيریی وڵات و خۆبەدوورگرتن له هه‌ر ئاشووب و ئاڵۆزييهك."
نێچیرڤان بارزانی: دەبێ کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین
دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکانی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئامانجی سەردانەکەی بۆ بەغدا و نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق روونکردەوە و رایگەیاند؛ "مووچەی فەرمانبەران و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دوو پرسی سەرەکیی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بوو".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هاتنی ئێمە بۆ بەغدا، لە پلەی یەکەمدا بۆ بەشداریکردن بوو لە رۆژی شەهیدی عێراقی. ئێمە لەو رێوڕەسمەدا بەشداربووین و دواتر لە دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ، کۆمەڵێک دیدار و گفتوگۆمان لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان، سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا."
نێچیرڤان بارزانی گوتی؛ "ئەم دیدارانە دەبێت بە شێوەیەکی سرووشتی وەربگیرێن، مادام ئێمە لەم جوگرافیایە و لەم وڵاتەدا دەژین، زۆر ئاساییە سەردانی بەغدا بکەین و هەوڵ بدەین ئەو کێشانەی هەن، لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوە بکەین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە."
"قووتی خەڵکی کوردستان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان بوو"
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسی قووتی خەڵکی کوردستان و ئاسایشی هەرێمی کوردستانی بە دوو تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ناوبرد و رایگەیاند؛ "بە بۆچوونی ئێمە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە، ئێستاش پێویستە لە بابەتی مووچەدا چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ هەموو پارێزگاکانی عێراق دەکرێت، دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بێت و ناکرێت بابەتی مووچە بکرێتە بابەتێکی سیاسی یان وەرەقەیەکی گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان".
نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە؛ "جەنابی سەرۆکوەزیران تەفاهومێکی یەکجار باشی هەبووە بۆ ئەم پرسە و من دڵنیام لەوەی هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە".
بڕیاری ناردنی پارە لە بەغداوە "سەرەتایەکی باشە بۆ چارەسەری کێشەکان"
پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەک لە مژارە سەرەکییەکانی نێو کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە حکومی و حیزبییەکانی عێراق بوو و هەر شەممە دوو جار لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوویەوە.
رۆژی شەممە، 13ـی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی کە رۆژانی سێشەممە بەڕێوەدەچێت، بۆ رۆژی یەکشەممە پێشخست و لەسەر پرسی هەمواری یاسای بودجە کۆبوونەوە، بەڵام بەهۆی هەندێک وردەکاری لەسەر خەرجیی کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان نەتوانرا پەسند بکرێت و بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتوو گفتوگۆی وردتر لەسەر ئەو بابەتە بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر پێشنیازی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ناردنی 618 ملیار دینار بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان پەسندکرا، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا سوپاسی ئەو هەوڵەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و بە "سەرەتایەکی باش بۆ چارەسەری کێشەکان"ی وەسفکرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ "ئەمڕۆ بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزیران دراوە، بە سوپاسەوە بۆ جەنابی سەرۆکوەزیران کە ئەمە هەر لە ئەجێندای کۆبوونەوەکەدا نەبووە، بەڵام جەنابیان زۆر بە پەرۆشەوە پێداگری لەسەر ئەمە کردووە کە دەبێ بخرێتە نێو ئەجێندای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و بە بۆچوونی ئێمە ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ سەرەتایەکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی "خۆڕاگریی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان"ـی کرد و گوتی؛ "سوپاسیان دەکەین کە بەڕاستی لە هەموو کوردستانەوە زۆر خۆڕاگربوون و زۆریان دان بەخۆدا گرتووە، ئێمە هیوادارین ئەم ساڵ ئەم بابەتە جارێکی دیکە نەبێتە بابەتی میدیایی و لە راگەیاندنەکان باسبکرێت و بابەتێک بێت کە بە شێوەیەکی سرووشتی و ئاسایی، وەکو هەموو مووچەخۆرانی دیکە لە عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش دابینبکرێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو هێرشە درۆنییانەی لەماوەی جەند مانگی رابردوو کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، ئاماژەیدا؛ "ناردنی ئەم درۆنانە بۆ هەرێمی کوردستان، ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی عێراقیش تێکدەدەن، چونکە هەمووی بەیەکەوە بەستراوەتەوە و ناکرێ ئەمانە لە یەکتر جیا بکرێنەوە. ئەمە بابەتێکی سەرەکی بوو کە لەگەڵ هەموو لایەنەکان باسمان کرد. بە دڵنیاییەوە گفتوگۆی زیاتری دەوێت، بەڵام ئێمە هیوادارین کە ئەم بابەتەش چارەسەر بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ