عێراق پانێڵى وزەی خۆر بە قەرز دەداتە هاووڵاتیان و هەشت کۆمپانیا بۆیان دادەنێن

13-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بانکى ناوەندیى عێراق، ناوى هەشت کۆمپانیا بڵاودەکاتەوە کە مەرجى ئەوەیان تێدایە بەشداربن لە دانانى پانێڵى وزەى خۆر لە چوارچێوەى دەستپێخشەریى وزەى نوێبووەوە کە بە قەرز دەدرێتە هاووڵاتییان.
 
بە گوێرەى نووسراوێکى بانکى ناوەندیى عێراق، کە لە 12ى شوباتى 2025 ئاڕاستەى بانکە مۆڵەت پێدراوەکانى کردووە، ناوى ئەو کۆمپانیایانەى پێداون ئەو مەرجانەیان تێدایە کە وەزارەتى کارەبا دیاریکردوون بۆ جێبەجێکردنى ئەو دەستپێشخەرییە، کە بریتین لە دابینکردنى کەرەستە و پێداویستیی پانێڵى وزەى خۆر، دانان و چاککردنەوە.
 
ئەو کۆمپانیایانە لە چوارچێوەى دەستپێشخەریى بانکى ناوەندیى کاردەکەن بۆ پشتبەستن بە وزەى نوێبووەوە بەتایبەت پانێڵى وزەى خۆر.
 
دەسپێشخەرییەکە بۆ کەمکردنەوەى دەردراوە گازییەکان و هەڵکردنە لەگەڵ گۆڕانى کەشوهەوا لە رێگەى قەرزدان بە هاووڵاتییان و خاوەن پڕۆژەکان بۆ دانانى پانێڵى وزەى خۆر. پارەى دانانى ئەو پانێڵانەیان بە قەرز دەدرێتێ و لەو هەشت کۆمپانیایەى دەکڕن. 
 
کۆمپانیاکان بریتین لە ئەزوا، حەدبا، تەنویر، حوڕە، هەندەسە، کەسک، بنمور و عیز.
 
نوێترین هەنگاو بۆ جێەجێکردنى ئەو دەستپێخەرییە لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا بوو. محەمەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى ئەو پارێزگایە بە رووداوى گوت، "11ى شوبات نوێنەرانى پارێزگار و بانکى ناوەندی و بانک و لایەنە پەیوەندارەکانى دیکە کۆبوونەتەوە بۆ جێبەجێکردنى ئەو دەستپێشخەرییە لە نەینەوا". 
 
دەستپێخەرییەکە لە 19ى ئەیلوولى 2024ـەوە لەلایەن وەزارەتى کارەباوە دەست بە جێبەجێکردنى کرا، یەکێک لە ئامانجەکانى دیکەى کەمکردنەوەى گوشارە لەسەر تۆڕى کارەباى نیشتمانى.
 
محەممەد کاکەیی گوتى، "ئەو قەرزەى بۆ دانانى پانێڵى تیشکى خۆر دەدرێت بە هاووڵاتییان بۆ خانوو بێت یان پڕۆژە، لە نێوان 7 بۆ 30 ملیۆن دینارە و سوودى بانکى ناچێتە سەر".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە