کۆمپانیای شێڵ لە پڕۆژەیەکی گەورەی عێراق کشایەوە

13-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق دەڵێت، کۆمپانیای شێڵ لە پڕۆژەی نیبراس بۆ پیترۆکیمیایی کشایەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش داوایەک ئاراستەی دوو وەزارەت دەکات.
 
وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، رۆژی سێشەممە 13ی شوباتی 2024 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی وەبەرهێنانی پیشەسازیی پیترۆکیمیایی، کۆمپانیای شێڵی هۆڵەندی داوای لێبووردنی کردووە کە ناتوانێت وەک وەبەرهێنەرێکی سەرەکی لە گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزارەتەکانی پیشەسازی و کانزاکان و نەوت بەردەوام بێت تایبەت بە پرۆژەی نیبراس بۆ پیترۆکیمیایی.
 
شێڵ گوتوویەتی، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی پرۆژەکە لە رێگەی هاوبەشیکردنی لەگەڵ کۆمپانیای گازی بەسرە.
 
وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتەکانی پیشەسازی و نەوت کردووە لە بژاردەی دیکە بکۆڵنەوە کە وەڵامدەرەوەی باشتری دابینکەری گاز بێت. 
 
گرێبەستی ئەو پڕۆژەیە لە 28ی کانوونی دووەمی ساڵی 2015 لەنێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای شێڵ واژۆکرا. بەپێی گرێبەستەکە رێژەی بەشداری وەزارەتەکانی پیشەسازی و نەوتی عێراق 51٪ و کۆمپانیای شێڵ 49٪ بوو.
 
بەگوتەی عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، پڕۆژەی نیبراس لە پارێزگای بەسرە، گەورەترین کارگەی پیترۆکیمیاییە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە دوو قۆناخ جێبەجێدەکرێت. یەکەم، ئامادەکردن و دیزاینکردن و قۆناخی دووەمیش جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەبێت. 
 
پرۆژەکە بە چوارەم گەورەترین کۆمەڵگەی پیترۆکیمیایی لە جیهان دادەنرێت. پێشبینی دەکرا پڕۆژەکە 40 هەزار هەلی کار بڕەخسێنێت و داهاتی ساڵانەی بۆ عێراق 1،4 ملیار دۆلار بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە