رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە 200 ملیۆن دیناری لە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە رۆژهەڵاتی شارەکە دزیبوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوای گەیشتنی زانیاری سەبارەت بە رووداوێکی دزیکردن لە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە گەڕەکی حەبیبییە، دەستبەجێ تیمێکی هاوبەش لە هێزەکانی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵی و مەفرەزەیەکی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەدری دووەم پێکهێنرا و چوونە شوێنی رووداوەکە."
بەپێی راگەیێندراوەکە: "تیمە هاوبەشەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کامێراکانی چاودێری کرد بۆ دیاریکردنی رێڕەوی هەڵاتنی تۆمەتبارەکە؛ لە ئەنجامی هەوڵەکاندا لە ماوەیەکی پێوانەییدا ناسنامەکەی ئاشکرا کرا، شوێنەکەی دۆزرایەوە و دەستگیرکرا."
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئاماژەی بەوەش کردووە، دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەشدا گیراوە کە تۆمەتبارەکە بەکاریهێنابوو، دواتریش خۆی و کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان لە بەرامبەریدا.


