ئەو رۆژنامەڤانەی لە دیوانیە بریندارکرا بە دایکی گوتووە: خەڵکم خۆشدەوێت

13-05-2021
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
وێنەی رۆژنامەڤانەکە لە نەخۆشخانە لەکاتی وەرگرتنی چارەسەردا
وێنەی رۆژنامەڤانەکە لە نەخۆشخانە لەکاتی وەرگرتنی چارەسەردا
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

کوشتنی رۆژنامەڤان و چالاکڤانان لە عێراق، پێی ناوەتە قۆناخێکی مەترسیدار و وێنەی ساتی کوژران و ھەوڵی کوشتنیان بڵاوکراونەتەوە. دوایین جار ئەحمەد حەسەنی رۆژنامەڤان لەبەردەم ماڵەکەی خۆی فیشەکێک نرا بە سەریەوە.
 
لە دیوانییەوە بە ناچاری و لەبەر نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت بە مێشک و دەمار، ئەحمەد برایە بەغدا. برایەکی ئەحمەد قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، دۆخی ئەحمەد ناجێگیرە و پزیشکەکان 72 کاژێریان داناوە ئاخۆ لە مەرگ رزگاری دەبێت یاخود نا.
 
سەڵاح حەسەن، برای رۆژنامەڤان ئەحمەد حەسەن دەڵێت "ئەحمەد دابڕانی لەگەڵ ھیچ لایەنێکدا نەبووە بە ھیچ شێوەیەک، تەنانەت دایکم زیاتر لە جارێک دەیگوت کوڕم تۆ پەیامنێریت و لە تەلەڤزیۆن دەردەکەویت، ھەوڵبدە درەنگ نەکەویت، بەتایبەتی بە شەواندا، کاتێک دەڕۆیت بۆ نەجەف یاخود بۆ بەغدا و دەگەڕێیتەوە، ھەوڵبدە لەکاتی خۆیدا بێیتەوە. ئەویش وەڵامی دایکمی ھەمیشە بەو شێوەیە دەدایەوە و دەیگوت، دایکە من دابڕانم لەگەڵ کەس نییە و دژی کەس نیم، خەڵکم خۆشدەوێت و خەڵکیش منیان خۆشدەوێت، لەگەڵ کەسیش ناکۆکیم نییە تاوەکو بترسم".
 
لە تشرینی 2019 تاوەکو ئێستا 80 چالاکڤانی خۆپێشاندانەکان بێسەروشوێنن، ھەوڵی کوشتنی 70 چالاکڤان دراوە، 25 چالاکڤان کوژراون و ژمارەیەکیش برینداربوون، چوار لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لەلایەن حکومەتەوە دەستبەکاربوون، بەڵام ھیچ ئەنجامێکیان نەبووە، ئەمانە قسەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤن، وەزارەتی ناوخۆش بەبێ ئەوەی زانیاریی ورد بدەن، دەڵێن ئەنجام ھەبووە.
 
خالد ئەلمحەنا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ دەڵیت "لە ماوەکانی رابردوودا دەزگاکانی لێکۆڵینەوە سەرکەوتوو بوون لە گەیشتن بە دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارانەی تاوانیان بەرامبەر چالاکڤانان و راگەیاندنکاران کردووە، ھەروەھا دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک تاوانبار. ھەموو ئەو چالاکییانەمان خستووەتەڕوو لە کەناڵەکانەوە، ئەمڕۆ تواناکانی دەزگاکانی ئاسایش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم حاڵەتانە بەشێوەکی زۆر باش بەرزبوونەتەوە".
 
چالاکڤانان دەڵێن گرووپ و میلیشیا جیاوازەکان، ئەوانەی ئێستا حوکمی عێراق دەکەن، لەپشت ھەوڵی کوشتن و گرتن و لێدانی رۆژنامەنووس و چالاکوانانن، بۆئەوەی کۆتایی بەو ناڕەزایەتییە بێنن دژیان دروستبووە.
 
شوێنەواری ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان لە گۆڕەپانەکاندا ھێشتا ھەر ماون، بەڵام ھێزی زۆری ئەمنیی لێ بڵاوەپێکراوە و رێگە بە ھیچ چالاکییەکی ناڕەزایەتیی درێژخایەن نادرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە