هەڵوەشاندنەوەی پێدانی ڤیزای عێراق بۆ چەند وڵاتێک بە 'هەڕەشە' بۆ بەرژەوەندیی میلیشیاکان ناودەبرێت

12-04-2021
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن ڤیزای عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی ئیكۆنۆمستی بەریتانی رایگەیاند، بڕیاری حكومەتی عێراق لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پێدانی ڤیزا بە گەشتیارانی ژمارەیەك وڵات بۆ هاتنە نێو عێراق، دەرگا لەبەردەم وەبەرهێنانی بیانی لە وڵات دەكاتەوە.
 
نەدا شاكر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئامانجی حكومەتی عێراق لە بەخشینی هاووڵاتییانی ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپی، ئاسیایی و ئەمریكی بۆ هاتنە نێو عێراق، بەهێزكردنی كەرتی وەبەرهێنان و بووژاندنەوەی كەرتی گەشتیارییە، ئەمەش خاڵێكی زۆر گرنگە كە حكومەت بڕیاری لەسەر داوە".
 
هەرچەندە عێراق لەڕووی سەرچاوەی مرۆیی، نەوت و كشتوكاڵییەوە دەوڵەمەندە، بەڵام چەند دەیەیەكە بەدەست كێشەی شەڕ و ناكۆكیی سیاسی و تایفییەوە دەناڵێنێت.
 
لە كۆتایی مانگی رابردوودا حكومەتی عێراق هاووڵاتییانی 37 وڵاتی لە وەرگرتنی ڤیزا بۆ چوونە نێو عێراق بەخشی، دیارترینیان هاووڵاتییانی چین، ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا بوو.
 
خالید ئەلمحنا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند "بڕیارەكە لەپێناو چالاككردنی پرۆسەی وەبەرهێنان و پشتگیریكردنی ئابووریی عێراقە، لە 15ی ئاداری رابردووەوە بڕیارەكە كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە".
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتیشی "بڕیارەكە سەرمایەداران، كۆمپانیاكانی وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا، ژاپۆن، كۆریای باشوور، كەنەدا، ئوسترالیا، نیوزیلاند و سویسرا دەگرێتەوە، دەتوانن لەڕێگەی دەروازە سنوورییە زەمینی، ئاسمانی و دەریاییەکان بێنە نێو عێراق و ماوەی دوو مانگ بمێننەوە و تەنیا 75 دۆلاریش رسوماتیان لێوەردەگیرێت".
 
ئاماژەی بەوەش كردووە "ئەو بڕیارە هانی وەبەرهێنەران دەدات وەبەرهێنان لە عێراق بكەن و كەرتی گەشتیاری لە وڵات ببوژێننەوە".
 
لە 20-02-2021 و دوای تۆمارکردنی پێنج حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و گیانلەدەستدانی دوو کەس لە شاری قومی ئێران، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاری پێدانی ڤیزای گەشتیاریی هەڵوەشاندەوە، کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە خاڵە سنوورییەکان بە گەشتیارانی ئێران دەدرا؛ هاوكات وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان ئێران و عێراقی راگرت.
 
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەی ئیكۆنۆمیستی بەریتانی، لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، چوون بۆ عێراق ئاسان نەبوو، بە زەحمەت ڤیزای دەبەخشییە رۆژئاواییەكان، چونكە لەوە دەترسا "بەڵگەیەك لەسەر دڕندەیی رژێمە دیكتاتۆریەكەی بدۆزنەوە"، بەڵام دوای رووخانی لە ساڵی 2003، سنوورەكانی عێراق كرانەوە، هەرچەندە لەبەردەم هاووڵاتییانی سڤیل بە داخراوی مانەوە، بەتایبەتی هاووڵاتییانی وڵاتانی رۆژئاوا.
 
رۆژنامە بەریتانییەکە ئەوەی خستووەتەڕوو "مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی وەرگرتنی ڤیزاوە دەیەوێت وڵاتەكەی بكاتە گۆڕەپانی وەبەهێنانكردن و هاوكاری، نەك گۆڕەپانی ململانێكان، هەروەها جەختی لەسەر كردنەوەی دەرگاكان لەبەردەم گەشتیاران و وەبەرهێنانی بیانی كردووەتەوە، سەرەڕای چەند بوارێكی دیكە كە پەیوەستن بە بەهێزكردنی رەوشی ئەمنی و كۆكردنەوەی چەك بەدەست دەوڵەت".
 
ئیكۆنۆمیست ئاماژەی بەوە كردووە "میلیشیاكان هەڕەشە لە سەقامگیری و گەشەسەندن دەكەن، چەند ساڵێكیشە گەشتیاری ئایینییان لە مەزارە پیرۆزەكانی كەربەلا و نەجەف كۆنترۆڵ كردووە و داهاتێكی زۆریان لەو رێگەیەوە دەستدەكەوێ‌ت، بۆیە پێویستە حكومەتی فیدراڵ لە بەغدا پلانی پێشكەوتووی هەبێت بۆ چارەسەركردنی رەوشی خراپی ئابووری، بەتایبەتی لە كەرتەكانی گەشتیاری، كشتوكاڵی و پیشەسازی، دوور لە دەسەڵاتی میلیشیاكان".
 
بەپێی رۆژنامەكە، تاوەكو ئێستا دەرگاكان بەتەواوی بەڕووی بیانییەكاندا نەكراونەتەوە، فەرمانبەرێكی كۆنسوڵخانەی عێراق لە بەریتانیا دەڵێت "ئەوان لە وردەكاریی گۆڕانكارییەكان ئاگادار نەكراونەتەوە، تاوەكو ئێستاش دەبێت بیانیەكان داواكاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا پێشكێش بكەن".
 
هەروەها رۆژنامە بەریتانییەکە باسی لەوەش کردووە "زۆرجار ئەوانەی لەگەڵ كازمی كار دەكەن، هەموو بڕیارەكانی جێبەجێ ناكەن، لەوانەیە تاوەكو سەرەتای ساڵی داهاتووش بڕیارەكە جێبەجێ نەكرێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.