رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، پلانیان هەیە تاوەکو ساڵی 2030 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبکەنەوە؛ هاوکات هۆشداری دەدات کە "رێگە بە بازرگانانی شەڕ و بوونی هیچ چەکێکی دەرەوەی یاسا نادرێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پارێزگای ئەنبار سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بە ئامادەبوونی پارێزگار، ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگا، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری خزمەتگوزاری و وەزیری کارەبا.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، زەیدی تیشکی خستووەتە سەر هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، کە بە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی گەشەپێدان دادەنرێت لە وڵاتدا و گوتی: "ئێمە تەنیا بەردی بناخەی پڕۆژەکان دانانێین، بەڵکو بەردێکیش دەخەینە دەمی هەموو گەندەڵێک کە خێری بۆ عێراقییەکان ناوێت."
لەبارەی دۆخی ئەمنییەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "رێگە بە بوونی هیچ چەکێکی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت نادرێت کە هەڕەشە لە ئاسایش بکات و باج و سەرانە لە هاووڵاتییان وەربگرێت؛ بە هێزی یاسا رووبەڕووی دەبینەوە، چونکە ئەم قۆناخە هی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەیە نەک شەڕ."
زەیدی گوتیشی: "رێگە بە بازرگانانی شەڕ نادەین رێگری لە دەستپێکردنی کاروانی ئاوەدانکردنەوە لە عێراقدا بکەن. پارێزگای ئەنبار بەدەست تیرۆرەوە ناڵاندوویەتی و کەسی نامۆ ناتوانێت لەسەر خاکی ئێمە بژی."
سەبارەت بە کەرتی نەوت و وزە، سەرۆکوەزیران رایگەیاند، حکومەت پلان دادەنێت تاوەکو ساڵی 2030 تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبکاتەوە، بە مەبەستی بەهێزکردنی ئابووریی نیشتمانی و خێراتکردنی پرۆسەی وەبەرهێنان.
لە کەرتی پیشەسازیدا، زەیدی فەرمانیکرد بانگهێشتنامە بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە پسپۆڕەکانی بواری فۆسفات و شووشە بنێردرێت بۆ وەبەرهێنان لە سامانی سروشتیی پارێزگاکە؛ هاوکات بەڵێنی خەرجکردنی سەرجەم شایستە داراییەکانی جووتیاران و بەدواداچوونی بۆ قەرەبوو و مووچەی زیانلێکەوتووانی تیرۆر و شەهیدان لە ئەنبار دا. گوتیشی: "ناهێڵین هیچ خێزانێکی عێراقی بێ موڵک و نیشتەجێبوون بمێنێتەوە."


