رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیى شیعە رەتیکردەوە لە کۆبوونەوەى ئەو هاوپەیمانێتییە تاوتوێى کشاندنەوەى حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەک کرابێت یان ئەوەى ئەو هێزە بخرێتە سەر وەزارەتى بەرگریى عێراق.
ئەو هەڵوێستەى هاوپەیمانىی چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە روونکردنەوەیەکدا بوو کە ئەمشەو 12ى کانوونى دووەمى 2025 بڵاویکردەوە.
ئەو هاوپەیمانێتییە کە زۆرینەى لایەنە شیعەکان تێیدا بەشدارن، ئاماژەى بەوەداوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک میدیای خۆجێیی هەواڵێکى ناڕاست بڵاوکراوەتەوە کە گوایە لە دوایین کۆبوونەوەى هاوپەیمانێتیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى تاوتوێى داواکاریی کشانەوەى حەشدی شەعبی کراوە لە چەند ناوچەیەکى دیاریکراو یان ئەوەى بخرێتە سەر وەزارەتى بەرگریى عێراق.
چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەڵێت: "هەرگیز ئەو پرسانە نەخراونەتەڕوو و راستییان تێدا نییە و هیچ بنەمایەکى نییە".
حەشدی شەعبی لە ساڵى 2014 لەسەر بنەماى فەتوایەکى عەلی سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەى رێکخراوى داعش پێکهێندرا، زۆرینەى پێکهاتەکەى شیعەن.
ئەو هێزە لە چوارچێوەى دەستەیەکدایە و سەر بە ئەنجوومەنى وەزیرانە.
لە دواى رووداوەکانى غەززە و لوبنان و سووریا، ئیسرائیل هەندێک لە گرووپەکانى نێو حەشدی شەعبی تۆمەتبار کرد بەوەى هێرشیان کردووەتە سەرى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ