عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەکان دەکات

12-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ     

 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەکان دەکات و رایدەگەیێنێت، فراوانکردنی ناوچەکانی شەڕ کێشەکان چارەسەر ناکەن. هەروەها دەڵێت، چارەسەر ئەوەیە ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارێک بدات بۆ راگرتنی هێرش و داگیرکاری لە فەلەستین. 
 
رۆژی هەینی، 12-1-2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەکان لە یەمەن بڵاوکردەوە.   
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە سەرەتای هێرش و ئەو شەڕ و ستەمکارییانەی هێزەکانی داگیرکار بۆ سەر کەرتی غەززە دەیکات، عێراق هۆشداری لە لێکەوتەکانی بەردەوامیی پشتیوانیکردنی قەوارەی زەوتکار دا و نەگرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە دۆخەکە بەرەو پێشهاتی گشتگیر دەبات کە لە سنووری غەززە و خاکی فەلەستین ناوەستێت، ئەوەش وا دەکات مەترسیی شەڕ و بڵاوبوونەوەی تووندوتیژی لە دەوروبەری تەواوی ناوچەکە هەبێت." 
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، بانگەوازەکان بۆ راگرتنی شەڕ پشتگوێخراون و لە هەمانکاتدا "رەفتاری دوژمنکارانەی داگیرکار کە چەندین وڵاتی رۆژئاوای لەپشتەوەیە لە رێگەی پشتیوانیکردنیان بۆ شەڕی قڕکردن لە دژی فەلەستینییەکان بەردەوام بوو."
 
عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن دەکات و دەڵێت: "لەگەڵ ئەوەی جەخت لە پاراستنی ئازادیی هاتووچۆ لە ئاوەکانی نێودەوڵەتی دەکەینەوە، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر یەمەن و سەروەرییەکەی دەکەینەوە، پێشمانوایە فراوانکردنی بازنەی کردنە ئامانجەکان چارەسەری کێشەکە ناکات، بەڵکو چوارچێوەی شەڕ فراوان دەکات. چارەسەر خۆی لەوەدا دەبینێتەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییەکانی بگرێتە ئەستۆ و بڕیارێک بۆ راگرتنی شەڕی دوژمنکارانە و وەحشییانەی دژ بە فەلەستینییەکان لە غەززە دەربکات." 
 
رۆژی هەینی 12ی کانوونی دووەمی 2024، ئەلێکس گرنگویچ، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بە فەرمانی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە ئاسمانییەکان، هێرشکرایە سەر زیاتر 60 ئامانج لە 16 ناوچەی حووسییەکانی نزیک لە ئێران، لەوانە بنکەی کۆنترۆڵ و چاودێریکردن، کۆگەی تەقەمەنی، سیستمی ئاراستەکردنی مووشەک، کارگەی بەرهەمهێنانی چەک و سیستمی راداری ئاسمانی." 
 
عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "ئەمریکا و بەریتانیا 73 جار هێرشیان کردە سەر یەمەن و تێیدا سەنعای پایتەخت و پارێزگاکانی حودەیدە، تەعز حوجە و سەعدە کراونەتە ئامانج، بەهۆی ئەو هێرشانەوە پێنج کەس لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت