شاخەوان عەبدوڵڵا: بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە رادەوەستین

11-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند دوێنێ لەگەڵ زۆربەی هێزە سیاسییەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش باسی لەوە کردووە کە ئەوان وەکو نوێنەرانی کورد تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە رادەوەستن بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەران و دەڵێت: "دوای ئەوە هەموو ئەو رێکارانەی پێویستە لەسەرمان دەیگرینەبەر و سەرجەم بژارەکان لەبەردەم نوێنەرانی خەڵکی کوردستان کراوەن."
 
رۆژی دووشەممە، 11-9-2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند بەناونیشانی "هەموو بژارەکان کراوەن"، رایگەیاند: "رۆژی شەممە، 9-9-2023 لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان لەگەڵ خوشک و برایانم لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان جگە لە نەوەی نوێ، بڕیارماندا کۆمەڵێک هەنگاو بگرینەبەر بۆ دابینکردنی مووچەی خەڵکی کوردستان و دانانی سنوورێک بۆ برسیکردنی خەڵک، بۆیە هەنگاوی یەکەم رۆژی شەممە کێشەکەمان بردە پەرلەمان و هاوسۆزییەک دروستبوو کۆمەڵێک بڕیار دران."
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بە نوێنەرایەتیی پارتی بەشداریان لە دوایین کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد، دەڵێت: "لە کۆبونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەگەڵ بەڕێز کاک دکتۆر فوئاد حوسێن و بەروونی داوامانکرد دەبێت سنوورێک بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابنرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردوون، بڕیاردرا رێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا هۆشداری دەداتە حکومەتی عێراق و دەڵێت: "رۆژی یەکشەممە لەگەڵ زۆر لە هێزە سیاسییەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش باسم لەوە کرد ئێمە وەکو نوێنەرانی کورد تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتە رادەوەستین بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەران ، لەدوای ئەوە هەموو ئەو رێکارانەی پێویستە لەسەرمان دەیگرینەبەر و سەرجەم بژارەکان لەبەردەم نوێنەرانی خەڵکی کوردستان کراوەن."
 
هەرچەندە بودجەی عێراق لە 26ی حوزەیرانی ئەمساڵ جێبەجێکراوە، بەڵام لەبارەی پشکی کوردستان و داهاتەکانی نەوت و دەروازە و سنوورەکانەوە کێشەیان کەوتووەتە نێوان هەولێر و بەغدا بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) خشتەیەکی مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوولی شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە بۆ هەر مانگێک بەغدا دەبوو بەگوێرەی یاسای بودجە 1.375 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام بۆ هەر سێ مانگەکە هەرێمی کوردستان "0٪ـی ئەو بڕەی پێگەیشتووە."
 
بەڵام رۆژی هەینی، 8-9-2023 باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "حکومەتی فیدراڵی تەواوی پابەندبوونەکانی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردووە و هەوڵێکی زۆری داوە بۆ پێشکێشکردنی چارەسەرییەکان، تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران بڕی ئەو پارانەی لە لای هەرێمی کوردستان بووە زیاتر لە سێ هێندەی پشکی هەرێمی کوردستان بووە بەپێی خەرجی راستەقینەی دەوڵەت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی نەوتی و نانەوتیی رادەست نەکردووە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پاسپۆرتی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پاسپۆرتى عێراق دوو بڕیارى نوێى دەرکرد

وەزارەتى ناوخۆ دوو بڕیار لەبارەى دەرهێنانى پاسپۆرت دەردەکات. لەمەودوا هاووڵاتیان لە هەر پارێزگایەک بیانەوێت دەتوانن مامەڵەى دەرهێنانى پاسپۆرت بکەن بەبێ ئەوەى پەیوەست بکرێت بە شوێنى نیشتەجێبوونیانەوە.