رووداو دیجیتاڵ
تەقە لە ماڵی سەرۆکی لقی بەسرەی یەکێتیی رۆژنامەڤانانی عێراق کرا. یەکێتییەکەش بە هێرش بۆ سەر ئازادیی کاری رۆژنامەڤانی دەزانێت.
رووداوەکە ئێوارەی 12ی تشرینی یەکەمی 2026 لە ناوەندی شاری بەسرە روویداوە، کاتێک چەکدارێکی نەناسراو تەقەی لە ماڵی حوسێن عەبادی، سەرۆکی لقی بەسرەی یەکێتیی رۆژنامەڤانانی عێراق کردووە.
یەکێتیی رۆژنامەڤانانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە حوسێن عەبادى نزیک بووە لەوەی گیان لەدەست بدات.
ئەو یەکێتییە دەڵێت: "ئەو کارە تاوانکارییە بە تەنیا دەستدرێژی نییە بۆ سەر هاوکارێکی رۆژنامەڤان، بەڵکو هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر رۆژنامەڤانان و ئازادیی کاری رۆژنامەڤانی و هەوڵێکە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە دەروونی رۆژنامەڤاناندا."
مەهدی تەمیمی، بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤ لە بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: هێرشەکە لە گەڕەکی ئیسکان لە ناوەندی شاری بەسرە روویداوە و بەو هۆیەوە زیان بە ئۆتۆمبێل و خانووەکەی حوسێن عەبادی کەوتووە، بەڵام خۆی سەلامەتە،
بە گوتەی مەهدی تەمیمی، هێشتا دیار نییە رووداوەکە هەوڵی تیرۆرکردنە یان هۆکاری دیکەی لەپشتەوەیە، وەک نووسینگەیان بەدواداچوون دەکەن بۆ زانینی وردەکاریی رووداوەکە.




