رووداو-هەولێر
حكومەتی عێراق دەیەوێت لە بودجەی ساڵی داهاتوو دووبارە كار بە خشتەی كۆنی مووچە بكات. داواشی لە پەرلەمان کرد بەزووترین کات یەکەم کۆبوونەوە بکات بۆ پەسندكردنی بودجە پێش كۆتایی ئەمساڵ.
سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا ئەو بڕیارەی حكومەتی تایبەت بە دووبارە كاركردن بە خشتەی كۆنی مووچە راگەیاند، لەگەڵ زیادكردنی بڕی 10% بۆ سەرجەم پلەكانی فەرمانبەری لە بودجەی ساڵی 2019 كە زۆربەی بڕگەكانی بۆ خزمەتگوزاری و هەلی كار دەبێت.
سەعد حەدیسی هەروەها گوتی "حكومەت داوا لە پەرلەمانی نوێ دەكات پەلە بكات لە ئەنجامدانی یەكەم كۆبوونەوە بۆ كاركردن لەسەر پەسندكردنی بودجە پێش كۆتایی ئەمساڵ".
گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەروەها گوتی: "بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیاتر لەوەی پێشبینی دەكرا وای لەحكومەت كرد هەوڵی زیادكردنی داهاتی تاك بدات لە فەرمانبەران و ئەوانەی لە تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی سودمەندن، هەروەها حكومەت لە بودجەی گشتی داهاتوو رەچاوی 15 هەزار سودمەندی دیكەی كردووە كە شایستەی مووچەی مانگانەن".



