رووداو دیجیتاڵ
دەرمانە قڕکەرەکان کە هەفتەی رابردوو بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو گرفتەکانی خستەڕوو، لەم هەفتەیەشدا بەشی دووەمی بەرنامەکە تایبەت بە هەمان بابەت بوو و گفتوگۆی لەسەر کرا.
لە هەفتەی رابردوودا باسی ئەو دەرمانە قڕکەرانە کرا کە لە وڵاتان قەدەخەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زۆر بە ئاسایی دەفرۆشرێن و بەکاردەهێندرێن.
دیدار عەبدولکەریم، مامۆستای زانکۆ و بەرپرسی توێژینەوە لە سەنتەری ڤیژن گوتی: "هاوردەکردنی دەرمانی قڕکەر لە چوارچێوەی رینماییەکان نییە و بابەتێک نییە تەنیا پەیوەندیی بە وەزارەتی کشتوکاڵەوە هەبێت. جا من وەکو ئەکادیمییەک دەڵێم، حکومەت چەندە کەمتەرخەم بێت، جووتیار هێندە کەمتەرخەمە؛ لەڕووی رێنماییەکانەوە".
شێخ جەمال کرپچنە کە جووتیاری نموونەیییە رایگەیاند، لەکاتێکدا بەشێک لەو دەرمانە قڕکەرانە تابڵێی مەترسیدار و کوشندەن، کەچی دیسانیشەوە جووتیاران و کرێکارانی وەرزیی کەرتی کشتوکاڵی رێنماییەکان جێبەجێ ناکەن.
د. ئیبراهیم عیسا، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی رووەك دەڵێ، خەڵک هیج حسابێک بۆ دەرمانە قڕکەرەکان ناکەن و رێنماییەکان جێبەجێ ناکەن. هەروەها گوتی:"بەشێکیان دەڵێن؛ چەندین ساڵە بەکارم هێناوە و هیچم لێنەهاتووە. من پێتان دەڵێم؛ لەو دەرمانانە بترسن. شتێکی دیکەش هەیە کە گرنگە بیزانن. راستە بەشێک لەو دەرمانانەی ئێستا قەدەخەن، 10 ساڵ 15 ساڵ لەمەوبەر قەدەخە نەبوون. ساڵانە لیستی قەدەخە نوێ دەکرێتەوە. ئاخر ئەمە ناکرێت کە من جووتیارم بینیوە تامی دەرمانە قڕکەرەکە دەکات؛ جووتیارێک پێیگوتم کە کوالیتیی دەرمانی قڕکەر وەکو خۆی نەماوە. منیش گوتم چۆن؟ گوتی تامەکەی وەکو جاران نییە!"
د. ئیبراهیم عیسا هەروەها دەڵێ، بەشێک لەو دەرمانە قڕکەرانە بە ئاشکرا دەفرۆشرێن و لەسەر رەفی فرۆشیارەکان دادەنرێن.
جووتیارێک کە لە بەرنامەکەدا ئامادەبوو گوتی: "ئەم بەرنامەیە پێش هەموو شتێک داکۆکییە لە تەندروستیی من و ماڵ و منداڵم. چونکە بەدواداچوون بۆ هەموو شتە نەشیاوەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن. جا داوادەکەین وردتر و چاوکراوەتر بن، با چیدی ئەو ژەهرە کوشندەیە لە نێو خەڵکی ئێمەدا بڵاونەبێتەوە. بیاندەنە یاسا با رێکاریان لەگەڵدا بگیرێتەبەر."
هەژار مەجید، خاوەنی پرۆژەی یارێ بۆ خۆراکە ئۆرگانییەکان رایگەیاند کە دەرمان بەکارناهێنێت و ترسیشی لە هیچ نییە. هەروەها جەختیکردەوە کە لە بازنەی خۆیەوە بەرهەمەکانی بە بێ بەکارهێنانی هیچ دەرمانێک پێدەگەیەنێت و زۆر لێکدانەوە بۆ ئەوە ناکات کە ئایا کێ ئەمەی بەدڵە یان دژیەتی.
هەروەها یەکێکی دیکە لە جووتیارەکان گلەیی ئەوەی کرد کە نیشاندانی ئەو دەرمانە قرکەران نابێت لە دژی جووتیاران بێت. هەروەها گوتی، لە کوێ ئەو دەرمانانە بەکاردەهێنرێن، پێویستە لەو شوێنەدا رێکار بگیرێتەبەر، نەوەک هەمووان بە ئاگری یەکێک بسووتێن.
بەگوێرەی گوتەی پسپۆران، ئەو دەرمانە قەدەخەکراوانە بە ژمارەی زۆرەوە دەگەنە ناو بازاڕەکان و دەفرۆشرێن. جا ئایا ئەمە بە کوالیتیی کۆنترۆڵدا تێدەپەرێت یان لەرێگەی دیکەوە دەهێنرێنە ژوورەوە؟
نووسینی سەر قوتووی دەرمانە قڕکەرەکان و زمان و فۆنتەکەی یەکێکی دی بوو لە تەوەرەکانی بەرنامەکە. بەشێک لە پسپۆران دەڵێن دەرمان هەیە زۆر بە بچووکی رێنماییەکانی لەسەر نووسراوە و بە ئاسانی ناخوێنرێتەوە. یانیش زیاتر بە زمانی عەرەبی دەنووسرێت و زمانی کوردی فەرامۆش کراوە.
شارەزایان کۆکن لەسەر ئەوەی لەم بابەتەدا تەنیا وەزارەتی کشتوکاڵ بەرپرسیار نییە. بەتایبەتیش کە دام و دەزگاکانی سەر بە وەزارەتی کشتەکاڵ کێشەی کەمیی ئۆتۆمبیلیان هەیە و بە ئاسانی ناتوانن سەردانی گوندەکانی سنوورەکەیان بکەن.
شێخ جەمال کرپچنە نیگەرانیی نیشاندا بەوەی بنکە کشتوکاڵییەکان هیچ گرفتی کەمیی ئۆتۆمبیلیان هەیە و بەشی زۆریشیان هەر ئۆتۆمبیلیان نییە.



