رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی عێراق رۆژی 22ـی مانگی داهاتووی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵاکانی تایبەت بە کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان تەرخانکرد.
بە گوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق، بڕیارە دادگەکە رۆژی دووشەممە، 22ـی مانگی داهاتوو بۆ تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایانەی تایبەت بە کەمکردنەوەی کورسیی پێکهاتەکان و کردنی هەرێمی کوردستان بە یەک بازنەی هەڵبژاردن بۆ پێکهاتەکان، کۆببێتەوە.
سکاڵاکان پێنج دانەن و لەلایەن تورکمان، کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەنەکانەوە تۆمارکراون.
سکاڵاکان پێش بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لە رۆژی 20ـی ئایار تۆمارکراون کە بڕیاریدا پێنج کورسی بۆ کۆتاکان بگەڕێنەوە، دوای ئەوەی هەر 11 کورسییەکە پێشتر بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی نەمابوون.
سکاڵاکاران داوایان کردووە کورسی بۆ پێکهاتەکان بگەڕێندرێتەوە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەوان بکرێت بە یەک بازنەی هەڵبژاردن.
سکاڵاکان لەلایەن یەروانت نیسان گۆرگیسی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، پارێزەر ئازاد دۆسکی، زیا پترۆس سڵێوە، ئانۆ جەوهەر، جینان جەبار بۆیان، رۆبینە ئۆیملیک عەزیز، ئازاد ئەکرە و بەهرام محەممەد سەعدەدەیەوە تۆمارکراون.
محەممەد سەعدەدەین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی بە رووداوی گوت: "سکاڵاکانی ئێمە دوو بەشن. یەکێکیان تەرخانکردنی کورسییە بۆ کۆتای پێکهاتەکان، بەڵام ئەمە لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەوە بڕیاری لێدرا و پێنج کورسییمان بۆ گەڕێندرایەوە، بەڵام بەشی دووەمی سکاڵاکە تایبەتە بە کردنی هەرێمی کوردستان بە یەک بازنەی هەڵبژاردن؛ بۆیە ئەگەری هەیە دادگەکە زیاتر تاوتوێی ئەم بابەتە بکات".
20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچارکرد، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، ئەوەش لەسەر بنەماى بنەماى سکاڵایەک کە دژى دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان پێشکێشکرابوو.
ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق لە 3ـى حوزەیراندا پێشنیازى دابەشکردنى کورسییەکانی کۆتاى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەسند کرد.
بەگوێرەى بڕیارەکە، هەرێمى کوردستان کراوە بە چوار بازنە؛ سلێمانى 38 کورسی و دوویان بۆ کۆتای تورکمان و کریستیانە؛ هەولێر 34 کورسییە و دوویان بۆ کریستیان و تورکمانە؛ دهۆک 25 کورسی و یەک کورسى پارێزگاکە بۆ کۆتای ئەرمەنە؛ هەڵەبجە سێ کورسی بێ کورسى کۆتا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ