عادل عەبدولمەهدی.. ئەو پیاوەی هەمیشە ئیستیقالەكەی حازرە

08-10-2018 1 کۆمێنتەکان
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن عادل عەبدولمەهدی عێراق
A+ A-

رووداو-لەندەن
لە یەكەم پەرلەمانی هەڵبژێردراوی عێراقی دوای سەدامدا، چاوەڕێی دەكرد ببێتە سەرۆكوەزیران، بەڵام دواتر بە یەك دەنگی نەیاری رەوتی سەدر لە نێو ماڵی شیعەكاندا، داڵەكە لەسەر شانی ئیبراهیم جەعفەری نیشتەوە. 

كاتێك كورد و شیعە و سوننە كەوتنە تەقە لە ئیبراهیم جەعفەری، بەو مەرجە پۆستەكەی جێهێشت كە سەرۆكوەزیران هەر لەنێو ماڵی حیزبی دەعوە بمێنێتەوە، بۆیە ئەمجارەش عادل عەبدولمەهدی بەخت یاوەری نەبوو، نووری مالیكی پۆستەكەی وەرگرت. چوار ساڵ دواتریش بەڕێككەوتنی ئێران و ئەمریكا، مالیكی لە پۆستەكەیدا مایەوە.

بەڵام عەبدولمەهدی بێ‌ پۆست نەبوو، لە ماوەی 2005 تاوەكو 2011 جێگری جەلال تاڵەبانی بوو. لەو ماوەیەش سێ‌ جار دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی سەرۆككۆمار كرد.

تەتەری تاڵەبانی

جاری سێیەم لە 11/7/2011 ، تاڵەبانی بە ناچاری واژۆی لەسەر وازهێنانەكەی كرد. بەڵام بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەگەڵ عەبدولمەهدی هەیبوو، تاڵەبانی رایسپارد پەیامێكی بۆ بگەیەنێتە بەشار ئەسەد. جەلال تاڵەبانی بە خەتی خۆی نامەكەی نووسیبوو، داوای لە بەشار ئەسەد، سەرۆككۆماری سووریا كردبوو واز لە كوشتنی خۆپیشاندەران بهێنێ‌ و گۆڕانكاری و چاكسازی لە وڵاتەكەیدا بكات.

عومەر شێخموس، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هاوڕێی دێرینی عادل عەبدولمەهدی، پەسنی هاوڕێ دێرینەكەی دەدات و دەڵێت: "عادل عەبدولمەهدی پیاوێكی تێكۆشەر و پێشكەوتنخوازە، ئەگەر پێشتر بكرابایە سەرۆكوەزیران رەنگە ئەو هەموو كارەساتە بەسەر عێراق نەهاتبان".

عادل عەبدولمەهدی هەر چاوەڕێی پۆستەكە بوو، بەڵام بۆ جاری سێیەمیش سەرۆكوەزیران لەنێو ماڵی دەعوە مایەوە حەیدەر عەبادی بووە سەرۆكوەزیران. ئەمجارە عەبدولمەهدی پۆستی وەزیری نەوتی وەرگرت، زۆری نەبرد هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەسەر دۆسیەی نەوت رێككەوتن. بەڵام تەمەنی رێككەوتنەكە درێژ نەبوو، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، زۆرجار بە توانجەوە دەیگوت "ئەوان (كورد) لەگەڵ دۆستێكی خۆیان رێككەوتنیان كردووە و جێبەجێشی ناكەن".

ماسیگر رزگاریان كردووە

عادل عەبدولمەهدی لە ساڵی 1942 لە ناوچەی بەتاوین لە بنەماڵەیەكی شیعی لەدایك بووە، باوكی لە سەردەمی مەلیك فەیسەڵی یەكەم وەزیری مەعاریف بووە، لە قوتابخانە هاوڕێی هەر یەك لە ئەحمەد چەلەبی و ئەیاد عەللاوی بووە. خولیای وەرزشی تۆپی باسكە و یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان و مەلە بووە. جارێك لە رووباری دجلە خەریك بووە بخنكێ، بەڵام ماسیگرەكان رزگاریان كردووە.
عەبدولمەهدی لەسەردەمی گەنجێتیدا دەبێتە ئەندامی حیزبی بەعس، بەڵام زوو واز لەو حیزبە دێنێ‌. غالب شابەندەر، گەورە بیرمەندی عێراقی بە (رووداو)ی گوت: "عادل عەبدولمەهدی ئەندامێكی ئاسایی حیزبی بەعس بووە، بەشداری تاوانەكانی ئەو حیزبەی نەكردووە، جگە لەوە عادل لە بنەماڵەیەكی لە خواترسی عێراقیدا گەورە بووە".

عەبدولمەهدی ... شیعە و شیوعی

عادل عەبدولمەهدی لە ساڵی 1963 بەشی ئابووری لە كۆلێژی بەغدا تەواو كردووە، دوای تەواوكردنی خوێندن لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دامەزراوە. پاشان بۆ خوێندن چووەتە پاریس. لە ساڵی 1970 ماستەری لە زانستە سیاسییەكان بەدەستهێناوە، ساڵی 1972 لە ئابووری سیاسی ماستەرێكی دیكەی بەدەستهێناوە، سەرقاڵی نامەی دكتۆراكەی بووە، بەڵام نەیتوانیوە تەواوی بكات. پاشان چووەتە سووریا و لوبنان، بەڵام بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان گەڕاوەتەوە فەرەنسا.

عادل عەبدولمەهدی دوای وازهێنانی لە حیزبی بەعس، دەبێتە شیوعی، عومەر شێخ مووس دەڵێ: "ساڵی 1978 لەگەڵ دكتۆر عادل لە رێگای توركیا و ئێرانەوە گەڕاینەوە كوردستان. لە ناوزەنگ پیاوێكی شۆڕشگێڕی ماوی بوو. سێ‌ هەفتە لەنێو پێشمەرگە مایەوە، پیاوێكی قسەخۆش و هاوسەنگ و رۆشنبیرە، لە گفتوگۆدا رێزی رای بەرامبەرەكەی دەگرێت".

غالب شابەندەریش  باسی سیفەتەكانی ئەو پیاوە دەكات و دەڵێت: "راستە عادل عەبدولمەهدی پێیوایە شیعە مەزڵومن، بەڵام پیاوێكی تائیفی و توندڕەو نییە، دان بە واقیعی فرەیی عێراقدا دەنێت و سیاسییەكی بە سومعەیە".

دوای مانەوەی تەمەنێك لە ریزی حیزبی شیوعیدا، دواتر عادل عەبدولمەهدی دەبێتە كەسێكی نزیكی محەممەد باقر حەكیم. لە ئێران ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی دروست دەكەن و دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە.

بارەگای لە هەرێمی كوردستان بووە

لە دوای راپەڕینی باشووری كوردستان، عادل عەبدولمەهدی نووسینگەیەك لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و بەردەوام بۆ چالاكی سیاسی و كۆبوونەوەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان بووە. عادل عەبدولمەهدی لە هەڤپەیڤینێكی پێشووتریدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێت: "ئاشنایەتیم لەگەڵ بزووتنەوەی كوردی بۆ سەردەمی زیندان دەگەڕێتەوە كە بە نامە بیروڕامان لەگەڵ چالاكڤانە كوردەكان دەگۆڕییەوە". هەر لە ناوەڕاستی هەشتاكانەوە بڕوای بە چارەسەری سیستەمی فیدراڵی بۆ عێراق هەبووە، لەم بوارەشدا لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی هەیە. ئەو زۆرجار سەردانی كوردستان دەكات و ماڵێكی لە دووكان هەیە.

عومەر شێخموس دەڵێ: "كاك عادل بیروڕای بەرامبەر مافەكانی گەلی كوردستان زۆر باشە، كەسێكی كوردیش هەر هێندەی ئەو بڕوای بە پرسی كورد هەیە. بەڵام كە دەبێتە سەرۆكوەزیران نابێ ئەو هەڵوێستانەی پێشووی وەكو خۆی لێ چاوەڕوان بكرێت، یان وا هەست بكەین وەكو كوردێك بیر دەكاتەوە".

لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، عادل عەبدولمەهدی پۆستی وەزیری دارایی لە حكومەتی ئینتیقالی وەرگرت. هەروەها سەرۆكایەتی كەیسی قەرزە دەرەكییەكانی عێراقی كرد كە دواجار لە یانەی پاریس وڵاتانی خاوەن قەرز 140 ملیار دۆلار لە عێراق خۆشبوون. عادل عەبدولمەهدی لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ساڵی 2005 بووە ئەندامی پەرلەمان لە بازنەی پارێزگای زیقار. ئەگەرچی لە كابینەی حەیدەر عەبادی، وەزیری نەوت بوو، بەڵام لە ساڵی 2016 دەستی لەكاركێشایەوە.

غالب شابەندەر لەبارەی پسپۆڕیی عادل عەبدولمەهدییەوە دەڵێ :"شارەزاییەكی باشی لە ئابووری و داراییدا هەیە وەختی خۆی بە قەڵەم و وەرەقەیەك حكومەتی عێراقی لە كورتهێنان رزگار كرد، كاتێك پێشنیازی كرد بڕی هەزار دینار بوتڵی غاز گران بكات، لە سەردەمی عەبادیش توانی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز بكاتەوە سەرەڕای خەرجییەكانی شەڕی داعش، بەڵام توانرا مووچەی فەرمانبەران بدرێت و عێراق لە ئیفلاسبوون بپارێزرێت".

دوای وازهێنانی لە پۆستی سەرۆككۆمار، عادل عەبدولمەهدی سەرقاڵی كاری رۆشنبیری، خێرخوازی و بواری پەروەردەیی بوو جگە لەو دوو ساڵەی وەزیری نەوت بوو، رۆژانە سەرقاڵی نووسین بوو لە رۆژنامەی عەدالە كە خۆی خاوەنی ئیمتیازی بوو.

عادل عەبدولمەهدی خێزاندارە و دوو كوڕ و دوو كچی هەیە، زمانەكانی فەرەنسی و ئینگلیزی دەزانێت، دوای نوێژی عیشا دەخەوێت و بۆ نوێژی بەیانی هەڵدەستێ‌. سەرەڕای باكگراوندە ئیسلامییەكەی، بەڵام كەسێكی كراوەیە، حەزی لە مۆسیقای رۆژهەڵاتییە و لە بارەی ژنانیشەوە دەڵێ: "ژنانی شام جوانن، ژنانی هۆڕەكانی عێراقیش چاویان جوانە". 

لە لوبنان دانرا

دوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بە سەرۆككۆماری عێراق لە دووی ئۆكتۆبەردا، ئێوارەی هەمان رۆژ عادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق راسپێردرا، دوای ئەوەی فەتح و سائیرون لە یەكدی نزیكبوونەوە، ناوی عەبدولمەهدیش كەوتە سەر زاران. 
بە گوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر)، نزیكبوونەوەی سائیرون و فەتح دەشێ لە لوبنان بناغەی بۆ دانرابێ. 

بەگوێرەی سەرچاوەیەكی سیاسیی لوبنانی كە بە مەرجی ئاشكرانەكردنی ناوی قسەی بۆ ماڵپەڕەكە كردووە، موقتەدا لە سەرەتاكانی مانگی ئەیلول كۆبوونەوەیەكی گرنگی لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا، سەركردەی حیزبوڵڵای لوبنان سازداوە و تێیدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی باڵای سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیش بەشدار بووە. سەرچاوەكە بە ماڵپەڕەكەی راگەیاندووە كە هەرسێ لایەن لەسەر ئەگەرەكانی ریككەوتن لەسەر كاندیدێك قسەیان كردووە و دواجاریش لەسەر عادل عەبدولمەهدی رێككەوتوون.

خەونەكەی عادل عەبدولمەهدی هاتەدی، بوو بە سەرۆكوەزیران. دەبێ‌ لە ماوەی مانگێكدا ناوی ئەندامانی كابینەكەی رادەستی پەرلەمان بكات بۆ ئەوەی متمانەی پێبدرێ‌.

عومەر شێخموس دەڵێ: "كاك بەرهەم ساڵح و كاك عادل دوو كەسی زۆر باش و چاكن. دەتوانن خزمەتی گەلانی عێراق بكەن. كاك بەرهەم خۆم پێمگەیاندووە، دەیناسم و كاك عادلیش دۆستی دێرینمە، كەسێكی پاك و دڵسۆزە و كەسێكی لیبراڵ و كراوەشە، بۆیە تیمێكی بەهێز دەبن لە عێراق، جگە لەوە كاك عادل لە بنەماڵەیەكی دەوڵەمەندە و كەسێكی گەندەڵ نییە". 

دەركەوتنی مەهدی كۆتایی بە 15 ساڵ حوكمڕانی حیزبی دەعوە لە عێراق هێنا، بەڵام عەبدولمەهدی دەبێ‌ لە ماوەی ساڵێكدا بۆ موقتەدا سەدر، سەرۆكی رەوتی سەدری بسەلمێنێ‌ كە حكومەتەكەی جیاوازە لەوانەی رابردوو، ئەگەرنا بەدوور نازانرێ‌ یەك ملیۆن خۆپیشاندەر بەر دەرگای لێبگرن، رەنگە ئەوكات عادل عەبدولمەهدی بەرگەی گوشار نەگرێ‌ و وەكو عادەتی هەمیشەیی، ئیستیقالەكەی نێو گیرفانی دەربهێنێ‌. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 
  • 09-10-2018
    ڕه‌نگه‌ ئه‌وکورده‌ عومه‌رشێخمووسبێ!