رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنی لە حەوت پارێزگاى عێراق گردبوونەوەیان کرد لە دژى پێشنیازە یاسای هەموارى یاسای بارى کەسى. داوا دەکەن ئەو هەموارە رابگیرێت کە زیاتر لە هەفتەیەکە مشتومڕى لەنێو پەرلەمان و شەقامیش دروستکردووە.
یەکێک لەو ژنانەى بەشدار بوو لە گردبوونەوەکەى بەغدا گوتى: "یاسایەکى پووچەڵە، ستەم لە ژن دەکات، ئەگەر ئەوان راست دەکەن و خەمى ژنیانە ئەو یاسایە تێناپەڕێنن، بیریان لە ژن و ژیانى دەکردەوە".
تێبینیی سەرەکى رێکخراوەکان لەسەر ئەو هەموارە بە شوودانى کچە لە تەمەنێکى بچووک و گرێبەستى هاوسەرگیرییە لە دەرەوەى دادگە.
ناڕازییەکان دەیانەوێ گوشار بکەن بۆ کشاندنەوەى ئەو هەموارە. خۆپێشاندەرێک لە کەرکووک دەڵێت: "ئەگەر وا بڕوات، پرۆسەی هاوسەرگیری لە دادگەکان نامێنێت. منداڵ بەبێ ناسنامە دەبێ. کۆمەڵگە هەمووی هەڵدەوەشێتەوە. رێژەی تەڵاق کەس نازانێ چەندە و زەواجیش کەس نازانێت چەندە. چونکە هەمووی لە دەرەوەی دادگەیە."
خۆپێشاندەرێکی دیکە دەڵێت: "ئەم خۆپێشاندانە لە دژی ئەوەیە منداڵ بە شووبدرێت. نۆ ساڵان منداڵە. هیچ نازانێت. چۆن دەبێ. هیچ بەرپرسیارێتییەکی ماڵ و شت نازانێ. چۆن بەشوو بدرێت؟"
واژۆى زیاتر لە 100 پەرلەمانتارى شیعە بۆ پێشنیازە یاساى ئەو هەموارە کۆکرایەوە. پەرلەمان 4ى ئاب خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرد. لەبەرامبەردا زیاتر 100 واژۆى دیکەی لە دژى کۆکراوەتەوە کە زۆربەیان ژنن.
کوردۆ محەممەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "ئێمە کۆمەڵێک واژۆمان کۆکردەوە. واژۆکان ژمارەیان 130 واژۆیە. بەشێکی زۆری سوننەکان لەگەڵ بوو. دیارە کورد بەگشتی هەمووی رەتیدەکاتەوە.
هەموارەکە رێگە بەوە دەدات هاوژینان ئەو مەزهەبە دیاری بکەن کە دەیانەوێت لەسەر بنەماکانى گرێبەستى هاوسەرگیرییەکەیان بکەن، سزاى هاوسەرگیریى دەرەوەى دادگەکانیش ناهێڵێت.
موسەننا ئەمین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق گوتى: "شیعەکان لەسەری کۆکنین. بەتایبەتیش ئەو ژنانەی شیعە لەنێو مەجلیس، ناڵیم هەموویان، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان کە من گفتوگۆم لەگەڵ کردوون، لەگەڵی نین و ترسیان هەیە لەوەی هەندێک بۆچوونی مەزهەبی بسەپێندرێ لەسەر باری کەسێتی، کاریگەریی هەبێ لەسەر ماف و تێکدانی ئەو دۆخەی ئێستا هەیە."
تێپەڕاندنى هەموارى یاسای بارى کەسى قۆناخێکى دیکەى ماوە، دەبێت لە دواى خوێندنەوەى دووەم بخرێتە دەنگدانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ