رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەستبەرداری بنیاتنان و شكۆی دەوڵەت نابن و دەسكەوتی زۆریان هەبووە.
شەوی دووشەممە 2021/02/08 هێزێکی زۆر لە شەقامەکانی بەغدای پایتەختی عێراق و کەربەلا بڵاوبوونەوە.
ساڵح محەممەد عێراقی، کە خۆی وەک وەزیری موقتەدا سەدر دەناسێت، لە پۆستێکدا بڵاویکردەوە، زانیاری نیمچە دڵنیایی پێگەیشتووە کە "رێککەوتنێکی بەعسی-داعشی" هەندێک دزەپێکراوان هەیە بۆ هێرشکردنە سەر پیرۆزییەکان لە نەجەف، کەربەلا و بەغدا کە دەیانەوێت پشێوی دروست بکەن.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "هەڵبژاردنیش هەنگاوێكی نیشتمانییە و پێویستی بە هاوئاهەنگیی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەیە. بنیاتنان بە زیادەڕۆییكردنە سەر پیرۆزییە ئایینی و نیشتمانییەكان و لێدانی دامەزراوەكان و رێگەگرتن ناكرێت. چاوپۆشی لە زیادەڕۆكان ناكەین."
دوای قسەکانی ساڵح محەممەد عێراقی بەشێک لە چەکدارانی سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی سەدر لە بەغدا و کەربەلا و چەند ناوچەیەکی دیکە رژانە سەر شەقامەکان و جەختیان لەسەر پارێزگارکردن لە پیرۆزییەکان و مەزهەب و مەزارگەکان کردەوە و درووشمی پشتیوانییان بۆ مەقتەدا سەدری رابەری رەوتی سەدر دەگوتەوە.
عەدنان کینانی، شرۆڤەکاری ئەمنی لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەوتی سەدر زانیاریی نیمچە پشتراستکراوەی لایە بۆیە دوای ئەو راگەیێندراوە هێزەکانی سەریا سەلام لە بەغدا بڵاوکرانەوە. دەبێت ئەو هاوئاهەنگییە لەگەڵ سوپای عێراقی بکرێت و بە رێککەوتن بێت."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: "ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە بڵاوبوونەوەی ئەو هێزانە بەدەر لە دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە."
عەدنان کینانی باسی لەوە کرد کە حیزبی بەعسیی هەڵوەشاوە هەوڵی خۆڕێکخستنەوە دەدات و زانیاری هەیە کە باڵی یونس ئەحمەد لە سووریاوە بە ئاراستەی ئوردن جموجۆڵیان دەست پێکردووە و "لە بەغدایش شوێنی خۆمەلاسدانیان هەیە. شانەی نووستوویان هەیە و هەندێکیشیان تێکەڵی پرۆسەی سیاسی بوون و لەنێو پەرلەمان و حکومەتیشدا هەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ