70 خێزانی لوبنانی گەیشتنە پارێزگای سەلاحەدین

07-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

70 خێزانی  لوبنانی گەیشتوونەتە پارێزگای سەلاحەدین. تاوەکو ئێستاش  نزیکەی حەوت هەزار لوبنانی گەیشتوونە عێراق. 
 
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بۆ کاروباری ئەمنی دووشەممە، (07-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 70 خێزانی لوبنانی گەیشتوونەتە پارێزگای سەلاحەدین و لە قەزای دوجێل نیشتەجێبوونە.  
 
دوجێل، قەزایەکی سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە و زۆربەی دانیشتوانەکەی شیعەمەزهەبن.
 
راوێژکارەکەی پارێزگاری سەلاحەدین گوتی، ئیدارەی پارێزگاکە ئامادەکاری کردووە بۆ پێشوازی و نیشتەجێکردنیان. پرۆسەی هاتنیان بۆ پارێزگاکە بەردەوامە. 
 
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، بەدر مەحموود فەحل، پارێزگای سەلاحەدین سەردانی خێزانە لوبنانییەکانی کرد، لە قەزای دوجێل.
 
زیاتر لە 1.2 ملیۆن خەڵکی لوبنان ئاوارە بوون. ئاوارەبوونی خەڵک بەهۆی بۆردوومانی چڕی ئیسرائیلە بۆ سەر بەیرووت و باشووری لوبنان. 
 
تائێستا نزیکەی حەوت هەزار لوبنانی لە رێگەی دەروازەی سنووریی قائیم (دەکەوێتە سنووری پارێزگای ئەنبار) و فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەف گەیشتوونە عێراق.
 
 لوبنانییەکان بەسەر پارێزگاکان دابەشبوونە لەوانە بەغدا، کەربەلا، نەجەف، سەلاحەدین، بەسرە و  ژمارەیەک پارێزگای دیکە و لە پارێزگاکان ئامادەکاری کراوە بۆ پێشوازیکردن لێیان.
 
عەقیل فرێجی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، رۆژی یەکشەممە، 06-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکەم کاروانی لوبنانییەکان بە فەرمی رۆژی هەینی گەیشتووەتە بەسرە، رۆژی شەممەش دووەم کاروان گەیشتوون، کە سەرووی 200 کەس دەبن و لەلایەن ئیدارەی پارێزگای بەسرە پێشوازیان لێکراوە.
 
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە دەڵێت، هەندێک لە خێزانە لوبنانییەکان لە رێگەی دۆست و ناسیاوەکانیانەوە هاتوونەتە بەسرە و لە ماڵی ناسیاوەکانیاندا دەمێننەوە.
 
رۆژی سێشەممە، (01-10-2024) ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە بە نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لیژنەیەکی بەسەرۆکایەتیی هیشام نیعمەت عەباس دەرهێنا، یاریدەدەری پارێزگار بۆ پێشوازی و هاوکاریکردنی هاووڵاتیانی لوبنان. دەسەڵات دراوەتە لیژنەکە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو هاووڵاتییانە دابین بکات کە دەچنە پارێزگاکە. 
 
عەقیل فرێجی دەشڵێت، ئیدارەی بەسرە ئامادەکاریی کردووە و، بەردەوامە لە پێشوازیکردن لە لوبنانییەکان، کە ژمارەیان لەزیادبوونداتە. شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین کردوون وەک هۆتێل و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە