رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی عێراق لە بەریتانیا ئەو رێکارانەی ئاشکراکرد کە پێویستە هەر هاووڵاتییەکی عێراقی خاوەن توانا و نیشتەجێی هەندەران بیانگرێتەبەر بۆ گەڕانەوە بۆ عێراق بە ویستی خۆی.
باڵیۆزخانەی عێراق لە بەریتانیا، رۆژی هەینی 7-10-2022 لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند: "رەوەندی عێراقی ئاگاداردەکەینەوە کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ ئاسانکردنی گەڕانەوەی کەسانی عێراقی خاوەن توانا کە دەیانەوێ لە هەندەرانەوە بگەڕێنەوە بۆ عێراق، ئینفۆگرافیکێکی ئامادە کردووە بۆ روونکردنەوەی رێکارەکانی خۆ تۆمارکردن لە ناوەندەکانی گەڕانەوە کە سەر بە وەزارەتەکەن."
بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی تۆمارکردنی گەڕانەوەی تواناکان، دەبێ ئەو کەسەی کە دەیەوێ بگەڕێتەوە عێراق، سەردانی فەرمانگەیەکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بکات و بچێتە یەکەی پاراستنی یاسایی لە فەرمانگەکە بۆ دڵنیابوون لە بەڵگەنامە و بڕوانامە و پاسپۆرتەکەی.
دواتر دەبێ ئەو کەسە سەردانی یەکەی چاودێری و کۆکردنەوەی زانیارییەکان بکات بۆ پڕکردنەوەی فایلی تواناکان ئەگەر کەسەکە مەرجەکانی تۆمارکردنی تێدا بێت، بەڵام ئەگەر مەرجەکان بەدینەهێنێت ئەوە دەبێ کار بۆ بەدیهێنانی مەرجەکان بکات و لە کاتێکی دیکەدا بگەڕێتەوە.
دوای ئەوە دەبێ کەسەکە بچێتە یەکەی تۆمارکردن و پڕکردنەوەی فایلی زانیارییەکان بە ئەلیکترۆنی، لەم قۆناخەدا کارتی تۆمارکردن و نووسراوی پشتگیری بە کەسەکە دەدرێت بۆ هەر دەزگایەک لە عێراق خۆی بیەوێ، ئینجا بۆ مەبەستی دامەزراندن بێت یان بۆ دووبارە دامەزراندن، دوای ئەوەی گەڕایەوە وڵات.
لە کۆتایی پرۆسەکەدا زانیارییەکان دەنێردرێن بۆ داتابەیسی سەرەکی لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ جێگیرکردنیان. دوای ئەم رێکارە بەخششی گەڕانەوە و تایبەتمەندییەکان دەدرێنە کەسە گەڕاوەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ