رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پاڵپشتی لە لانا نەسیبە بەربژێری ئیمارات دەکات بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەو وەزارەتە لە راگەیێندراوێکدا پاڵپشتیی بۆ ئەو بەربژێرە راگەیاند و دەڵێت "ئەو هەنگاوە وەک پێزانینە بۆ ئەو ئەزموونە دیپلۆماسییە فراوان و کاروانە پیشەییە پڕدەسکەوتەکەی و رۆڵی دیاری لە بواری هاریکاریی نێودەوڵەتی".
لانا نەسیبە، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئیماراتە بۆ کاروباری سیاسی و بەربژێری ئەو وڵاتەیە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، متمانەی بە تواناکانی لانا نەسیبە هەیە بەوەی رۆڵ ببینێت لە پەرەپێدانی ئەدای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەهێزکردنی کاراییەکەی لە کاردانەوە بەرامبەر بە ئاڵنگارییەکانی ئێستای جیهان.
لانا زەکى نەسیبە، لە ساڵی 1978 لەدایکبووە، بە رەچەڵەک فەلەستینییە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە مێژوو لە زانکۆی کامبریج و ماستەر لە کاروباری ئیسرائیلی لە زانکۆی لەندەن، ساڵی 2000 بۆ 2001 راوێژکار بووە لە رێکخراوی یونسکۆ، دواتر بووەتە سەرۆکی تیمی کاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی نوێبووەوە، لە ساڵی 2009ـەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات کار دەکات و چەندین ئەرکی پێ سپێردراوە لەوانە نوێنەری تایبەتی ئیمارات بۆ پاکستان و ئەفغانستان، ساڵی 2017 سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان بووە.
31ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ ماوەی کارکردنی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز وەک ئەمینداری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی دێت و سەرەتای ئەو مانگە ئەنجوومەنی ئاسایش ئەمینداری گشتیی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکلا دەکاتەوە کە لە یەکی کانوونی دووەمی 2027 دەستبەکار دەبێت کە ماوەکەی پێنج ساڵە.
پشتر لانا نەسیبە لەبارەى پشتگیرى لە پێکهێنانى دەوڵەتیى کوردى بە رووداوى گوتووە:". وەک سکرتێری گشتی، مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو پرسانە دەکەم کە لەسەر ئەجێندای ئەنجومەنی ئاسایشن، بەپێی بنەماکانی پەیماننامەی UN و ئەو ئەرکانەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەیسپێرێت. هەروەها پشتگیری لە هەموو هەوڵەکانی هەموو گەلان دەکەم، وەک پەیماننامەکە دیاری دەکات، بۆ ئەوەی بە ئازادی و شکۆوە بژین".



